سبەی مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دادەنێت، پرۆژەکە کۆتایی بە کێشەی کەم ئاوی لە هەولێر دێنێت و زیاتر لە هەزار بیریش لەماوەی چوار ساڵدا دادەخات.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سبەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە نزیک گوندی سێبیران دادەنێت کە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلاری لەسەر بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخانکراوە.
پرۆژەکە بریتییە لە دوو وێستگەی پاڵاوتنی ئاو بە توانای 20 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا بەپێی ستاندرادی عێراقی و ڕێکخراوی WHO.
وتیشی:پرۆژەکە پێکهاتووە لە یەکەی وەرگرتنی ئاو لەسەر زێی گەورە لەنزیک گوندی کەورگۆسک، بەڵام وێستگەی پاڵاوتنەکە دەکەوێتە نزیک گوندی گاینج، هاوکات وێستگەیەکی دابەشکرنی ئاو لە نزیک گوندی سێبیران دروست دەکرێت.
دەشڵێت: 10 ئەمباری ئاو لەچوارچێوەی پرۆژەکە دادەنرێن کە توانای ئەمبارکردنی 200 هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە، هەر لەو پرۆژەیەدا 200 کیلۆمەتر بۆری ئاسنی سپایرۆڵ ستیل بە تیرەکانی 1600 ملیم و 1500 ،ملیم و 1200، ملیم 800، ملیم 700 تاکو 300 ملیمەتر بەکاردێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، 280 کیلۆمەتر بۆری ئەسیلین بە تیرەی 160 ملیم و 220 ملیم و 250 ملیم بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر لە چوارچێوەی پرۆژەکە دابین دەکرێت.
راشیگەیاند، کارەبای نیشتمانی و کارەبای یەدەگ لەڕێگەی موەلیدەوە بۆ پرۆژەکە دابین دەکرێت، ئاشکرای کرد کە پرۆژەکە دوو وێستگە لەنێو یەک چوارچێوەدایە و بەهەردوو وێستگەکە 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێون، لەکاتێک هەر کێشەیەک بۆ وێستگەیەک دروست بێت، وێستگەکەی دیکە کاردەکات و بێ ئاوی هەرگیز دروست نابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد،ئەو پرۆژەیە ئاو دەگەیەنێتە گەڕەکەکانی نێوان هەردوو شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری و گەڕەکاکانی دورووبەریان، لەگەڵ دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، شاوێس، پیرزین، بەحرکە، عەنکاوە، سێبیران.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان وتیشی، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، بەڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە هەولێر چارە دەبێت، دەشڵێت: لەماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، پرۆژەکە تەواو لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.