ئەمڕۆ شەممە ٧ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، لەبارەگای ئەنجوومەن، بە ئامادەبوونی وەستا ڕەسوڵ، لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگە و سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و مامۆستا جوامێر و جوتیار نوری، لەگەڵ ژمارەیەك لە ھێزی یەدەكی پێشمەرگەی كوردستان كۆبوونەوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ستایشی ڕۆڵ و كاریگەریی پێشمەرگە قارەمانەكانی ھێزی یەدەكی كرد، كە لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی سەختی شاخ و دوای راپەڕینیش لە بەرگریكردن لە دەستكەوتە مێژووییەكانی خەڵكی كوردستاندا ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان ھەبووە و لەو بوارەدا قوربانی بێ شوماریان بەخشیووە و پێی ڕاگەیاندن: ئێوەی شەھیدی زیندوو، كە ئەوپەڕی فیداكاریتان نوواند، خاوەنی دەستكەوتەكانی پاش راپەڕینن.
شێخ جەعفەر، جەختی لەسەر ھەڵوێستی نەگۆڕو مەبدەئیی سەرۆك و سەركردایەتی یەكێتی كردەوە سەبارەت بە زەرورەتی یەكخستنی پێشمەرگە و دامەزراندنی سوپایەكی یەكگرتووی كورستان كرد، كە ئەركی سەرەكی پاراستنی ھەرێم بێت لەھەر ھەڕەشە و مەترسییەك و وتی، “ھێز و سوپای حزبی یەكێكە لە ھەڕەشەكانی سەر ھەرێم”.
ڕاشیگەیاند، ھەركاتێك یەكێتی و ھێزە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان ھاوپەیمان و یەك دەنگ بووبێتن، دەستەكەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی گەورەمان بەدەستھێناوە، بەڵام كاتێك پەرتەوازە و ناكۆك بووبێتین نەمانتوانیووە وەكو پێویست بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵانی خەڵك بپارێزین و خزمەتیان بكەین، بۆیە دەبێت بەردەوام كار لەسەر یەكێتی ریزەكانی خەڵك و حزبە سیاسییەكان بكەین.
لای خۆشیەوە، قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، جەختیكردەوە، كە ئەمڕۆ یەكێتی لە ھەموو كاتێكی تر زیاتر یەك دەنگ و یەك ھەڵوێست و یەك گوتارە، ئەوەش بووەتە مایەی پتەوتركردنی پێگەكەی لەسەر ھەردوو ئاستی ھەرێم و عیراق، كە سەرەنجام بە قازانج و بەرژەوەندی میللەتی كورد دەشكێتەوە.
وتیشی، “سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی یەكێتی لە موسڵ و كەركوك و بەغدادی بە بەرجەستەبوونی ئەو یەكریزییەی ناو یەكێتی لەقەڵەم دا، كە ئومێد دەكرێت ئەو زنجیرە سەركەوتنانە، رەنگدانەوەیان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستاندا ھەبێت”.