دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دروست بوونی كێشەی مووچە لە عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، وەزیری دارایی دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران، كە “هیچ كێشەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە نییە” و دەڵێت: لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش دەكەن.
تەیف سامی، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی عێراق لە وڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێكی عێراق ڕایگەیاندووە، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە كاتی خۆیدا و بەبێ دواكەوتن دابەشدەكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواكەوتی مووچەی مووچەخۆران دەكات دوورە لە ڕاستییەوە.
تەیف سامی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، نەختینەیی پێویست لەبەردەستدایە و لەكاتی خۆیدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت دابەشدەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ شەممە، نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی عێراقی ئاماژەی بەوەكردبوو، لەگەڵ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و دابەزینی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 70 دۆلار، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، چونكە داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق بۆ 9 ترلیۆن دینار دابەزێت، کە ترلیۆنێکی بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات و ئەو 8 ترلیۆنەی دەمینێتەوە تەنها بەشی مووچە دەکات کە بڕەکە 7.5 ترلیۆن دینارە و نیو ترلیۆن دیناری بۆ بەشەخۆراكە.
وتوشیەتی، ” لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی عێراق گرفتار دەبێت بەدەست دابینیکردنی مووچەوە، بۆیە هەتا نرخی نەوت لە خانەی 70 دۆلارییدا بمێنێتەوە، مووچە دوادەکەوێت و ئەگەری کەمکردنەوەشی لە ئارادایە”.