بەهۆی كاریگەری دابەزینی نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی و هەروەها بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بۆ ئازادکردنی هاوردەکردنی بەنزین لەناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە، نرخی بەنزین بە هەموو جۆرەکانییەوە دادەبەزێت.
ڕامیار ڕزگار، وتەبێژی بازاڕی سووتەمەنی لە سلێمانی ڕایگەیاندووە، “بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین بۆ ڕێگەپێدان بووە بە هاوردەکردنی لەناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم بڕیارە نرخی سووتەمەنی بەگشتی دادەبەزێنێت”.
ڕاشیگەیاندووە، “ئەو بەنزینەی لە عەمبارەکان هەیە، بە نرخی گران کڕدراوە، بۆیە ئەو بەنزینەی لەناوەڕاست و خوارووی عێراق دەهێنرێت بۆ هەرێمی کوردستان لە 10 ڕۆژ بۆ دوو هەفتەی داهاتوو، نرخی بەنزین بۆ یەک لیتر لەنێوان 50 بۆ 100 دینار دادەبەزێنێت”.
جەختیشی كردۆتەوە، کە بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تەنیا بۆ بەنزین نییە و بۆ سەرجەم بەرهەمە نەوتییەکانە، کە پێشتر قەدەغەکرابوو لە عێراقەوە بهێنرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمە کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی نەوتی سپی و گازوایلیش دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئێستا نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی بە 925 دینار و موحەسەن بە 1125 دینار و سوپەر 1250 دینارە.
لای خۆشیەوە، سیروان عەبدوڵڵا خدر، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی ھەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی پێنج شەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا نرخی سووتەمەنی لە ھەرێمی كوردستان دابەزێت، لەمڕۆوە نرخی بەنزین بەرەو دابەزینە، بەڵام بەھۆی ئەوەی دوێنێ پشوو بووە، ئەمڕۆ دابەزین دەستی پێكردووە.
وتیشی، “نرخی بەنزین لە ھەرێمی كوردستان گرانبوو، كە نرخی لیترێك بەنزین بە زیاتر لە٩٠٠ دیناربوو، چاوەڕێ دەكرێت تا كۆتایی ئەم ھەفتەیە نرخەكە بەردەوام لە دابەزین بێت و نرخی لیترێك بەنزین بگاتە ٨٠٠ دینار”.
ئاماژەشی بەوەدا، ھاوردەكردنی بەنزین راگیرابوو، ئێستا حكومەتی ھەرێمی كوردستان رێگە بە بازرگانان دەدات بەنزین ھاوردە بكەن ئەوانیش دوو تا سێ رۆژیان پێویستە تا بەنزین ھاوردە بكەن، بەڵام پێویستە بەو مەرجە ھاوردەی بكەن بەپێی رێنمایەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بێت و كوالێتی باش بیت و ئۆكتانیشی لە ٩٠كەمتر نەبێت، ئەگەر نا رێگە بە ھاوردەكردنی نادرێت.