“کێشە بۆ مووچە دروست دەبێت و ئەگەری کەمکردنەوەشی لەئارادایە”



دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابوورییە فشەڵەکەی عێراق دروست دەکات و شارەزایەکی ئابوورییش پێیوایە کە عێراق لە دابینکردنی مووچەدا ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە و ئەگەریش هەیە مووچە کەمبکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری ڕایگەیاند، لەگەڵ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەدا، دابەزینی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 70 دۆلار، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت.

مەرسومی پێشبینی کرد کە لەمەودوا داهاتی مانگەنەی نەوتی عێراق بۆ نۆ ترلیۆن دینار دابەزێت کە ترلیۆنێکی بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات و ئەو هەشت ترلیۆنەی دەمینێتەوە تەنها بەشی مووچە دەکات کە بڕەکە 7.5 ترلیۆن دینارە.

ڕاشیگەیاند، عێراق مانگانە نیو ترلیۆن دینار بۆ دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانە تەرخان دەکات.

شارەزا ئابوورییەکە ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت عێراق خەرجییەکانی دیکەی بەکاربەر و وەبەرهێنان لە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی و ئەو داهاتە نانەوتییە کەمە دابین بکات کە کۆدەکرێتەوە.

نەبیل مەرسومی پێیوایە، بە هۆی ئەو گرفتە داراییەوە، ڕێژەی باج بەرزدەبێتەوە و قەرزەکانی سەر عێراقیش زیاد دەکەن، لەوێشەوە پارەی یەدەکی بیانیی لە بانکی ناوەندیی بەرەو داکشان دەچێت، چونکە ئەو یەدەکە بە بەربەستی یەکەم و کۆتایی دادەنرێت لەبەردەم داڕمانی ئابووری عێراقدا.

لەو بڕوایەشدایە کە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی عێراق گرفتار دەبێت بەدەست دابینیکردنی مووچەوە، بۆیە هەتا نرخی نەوت لە خانەی 70 دۆلارییدا بمێنێتەوە، مووچە دوادەکەوێت و ئەگەری کەمکردنەوەشی لە ئارادایە.

شیکارییەکەی شارەزا ئابوورییەکە لە کاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو لە عێراقدا گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروست بوو و لە بەسڕەش کە شادەماری ئابووری عێراقە، کارمەندانی وەزارەتی کارەبا بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە خۆپیشاندانیان کرد.

هەفتەی ڕابردوو نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، بە جۆرێک لە مانگی ئایاری 2023وە داکشانی لەو جۆرەی بەخۆوە نەبینیوە، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە کەمتر لە 71 دۆلار و بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 67 دۆلار و 67 سەنتەوە مامەڵەی پێوەدەکرا.

هۆکاری سەرەکی ئەو دابەزینە گەورەیەی نرخی نەوت بۆ کەمی خواستی چین و ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە بە دوو گەورەترین بەکاربەری نەوت دادەنرێن لە جیهاندا.

نەژاد عەبدوڵا: ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن تەواو بوون
پێشت نەژاد عەبدوڵا: ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن تەواو بوون
کەسێک بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا
دواتر کەسێک بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا
پەیوەندیدار