ماوەی ١٧ مانگە لەسەر سکاڵایەکی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان ڕاگیراوە کە ڕۆژانە ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد، بەمەش کێشە و گرفتی ئابووری کەوتووەتە نێوان هەرێم و بەغدا و چەندین لێکەوتەی سیاسیی و ئابووری هەبووە.
شارەزایەکی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکات کە لەمیانی پڕۆسەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتدا، زیان بەر ئابووری عێراق کەوتووە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ڕەخنەیەک لەسەر گرێبەستی کۆمپانیاکان هەبوو لە نێوان هەولێر و بەغدا بەهۆی جیاوازیی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بۆ ئەمەش شاندی عێراق لەمیانی سەردانییدا بۆ هەولێر ڕایگەیاند کە گرێبەستەکە دەگونجێنین لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکان بەڵام تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە. ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئێستا لە ڕێگای تانکەرەوە نەوتی کەرکووک هەناردەی ئێران دەکرێت و ئەمەش بە زیانێکی گەورە بۆسەر عێراق دەزانێت.
مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) ڕایدەگەیەنێت کە لە کاتێکدا تورکیا ڕایگەیاندووە کە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیە و لە هەمانکاتیشدا حکوومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی نیشانداوە، بەڵام حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەناوە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگای بەندەری جەیهان، چانسێکە بۆ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پشکی خۆی لە بازاڕی جیهانییدا زیاد بکات.
شارەزای بواری وزە دکتۆر گۆڤەند شێروانی لەو بارەیەوە دەڵێت: “دەبووایە نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە، بۆ ئەوەی بفرۆشرێت، کە نەفرۆشرا واتا زەرەرمەندی سەرەکی وەزارەتی نەوتی عێراق و ئابووری عێراقە، کۆی ئەم زیانە بۆ ١٧ مانگ زیاتر لە ١٤ ملیار دۆلارە، ئەم زیانە بە هەموو ئابووری عێراق کەوتووە، زەرەرمەندی دووەم کۆمپانیاکانن کە ساڵێک و شەش مانگە کارەکانییان وەستاوە و، بەهۆیەوە زۆربەی کارمەندەکانییان بێکار بوونە، سێیەم زەرەمەند ئەو کۆمپانیایانەن کە لە تورکیا کار دەکەن لەسەر چاککردنەوە و ئیدارەکردن و ئەمبارکردن بۆ بەندەری جەیهان و ڕێگا نەوتییەکان، هەروەها بازاڕەکانی جیهان زەرەرمەند بوونە، چونکە ئەم نەوتە باشترین ڕێگا بووە بۆ ساغکردنەوەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا”.
لەبارەی جیاوازییەکانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، دکتۆر گۆڤەند شێروانی وتی: “جیاوازییەکی زۆر هەبوو لەسەر خەمڵاندنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستەوە، ئەو خەمڵاندنەی کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم پێشکەشی کردبوو، بریتیی بوو لە ٢٤ دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و ٨ دۆلار بۆ گواستنەوە. ئەو خەمڵاندنانەی بەغدا کە دواتر لە یاسای بوودجەدا چەسپێنرا و بووە کێشەیەکی گەورە، ئەوە بوو کە تەنیا ١٢ دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و ٧ دۆلار بۆ گواستنەوە دیاریکرابوو”.
دکتۆر گۆڤەند شێروانی وتیشی: “تێچووی دەرهێنان و پشکنین و گواستنەوە لە هەرێم زیاترە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە هەرێم ژێرخانی پیشەسازی نییە کە حکوومیی بێت، بەڵکو هەموویان کەرتی تایبەتن، بۆیە تێچووەکە زیاترە، هەروەها شتێک هەیە کە پێی دەڵێن ئەو ناوچەیەی یەکەمجارە بەرهەمهێنەری نەوتە، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئەو کۆمپانیایەی کە کار دەکەن ڕێژەیەک بۆ مەترسی خۆیان هەژمار دەکەن، جگە لە فاکتەرەکانی دیکەی تایبەت بە جیۆلۆجی ناوچەکە کە وا دەکات کارکردن لێرە قوڕستر بێت و ڕەنگە تێچووی زیاتر بێت”.
لەبارەی جیاوازی گرێبەستەکانیشەوە، دکتۆر گۆڤەند شێروانی دەڵێت: “جۆری گرێبەستەکان ڕەخنەی لەسەر بوو کە ئەوانەی هەرێم جیاوازن لەو گرێبەستانەی بەغدا، بەڵام دواجار کە شاندی عێراق هاتە هەولێر گوتیان ئێمە هەوڵدەدەین گرێبەستەکانی هەرێم بگونجێنین لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکان بەڵام تا ئیستا ئەم کارەش ئەنجام نەدرا”.
ئەو شارەزایەی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا نەوتی کەرکووک لە ڕێگای تانکەرەوە دەچێتە ئێران و ئەمەش بە زیانێکی گەورە دەزانێت و لەمبارەیەوە وتی: “پێش مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو، ڕێککەوتن کرابوو کە بڕێک لە نەوتی کەرکووک بەڕێژەی ٨٠ تا ١٠٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە لەگەڵ نەوتەکەی هەرێم بە ڕێگای بۆڕی بۆ بەندەری جەیهان بەڕێ بکرێت کە هەموویان دەیکردە ٤٠٠ هەزار بەرمیل، ئێستا ئەو ڕێککەوتنە نەما، بۆڕی گواستنەوەکە کار ناکات، نەوتی کەرکووک بە تانکەر ڕۆژانە ٤٠ تا ٥٠ هەزار بەرمیل بە تێچووێکی زۆر ڕەوانەی ئێران دەکرێت و لەوێ دەیگۆڕنەوە بە نەوتێکی دیکە و لە ڕێگای بەسڕە وەریدەگرنەوە، بەڵام ئەمە زیانێکی گەورەیە چونکە تێچووی گواستنەوە بەم شێوەیە زۆر کەمە و سنووردارە، ناتوانن لە ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار بەرمیل بگوازنەوە بەڕێگای تانکەرەکان تاکە ڕێگا بۆ گواستنەوەی قەبارەی نەوتی زۆر، تەنیا بۆڕی نەوتە”.
لەبارەی جیاوازی لەم زیانانەی کە شارەزایانی بواری وزە باس لە ١٤ ملیار دۆلار و، ئەپیکۆر باس لە ١٩ ملیار دۆلار دەکات، دکتۆر گۆڤەند شێروانی گوتی: “ئێمە وەک شارەزایانی بواری وزە، ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتمان هەژمار کردووە، ئەپیکۆر ٤٥٠ هەزار بەرمیلی هەژمار کردووە، بۆیە لە کۆی گشتی زیانەکەش جیاوازی هەیە”.
هاوکات مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) ڕایدەگەیەنێت کە حکوومەتی عێراق هەنگاوی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی نەوت نەناوە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکۆر ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەو کاتەی کە ڕێککەوتنێک هەبێت و تیاییدا تێچووی هەناردەی پێشوو، ئێستا و داهاتووش دەستەبەر بکات.
کاگینز وتی: “لە ڕاستیدا حکوومەتی عێراق هیچ ڕێکارێکی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەگرتووەتەبەر، لە کاتێکدا تورکیا ڕایگەیاندووە کە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیە و لە هەمانکاتیشدا حکوومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی نیشانداوە، ئەپیکۆریش ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.
کاگینز وتیشی: “کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکۆر ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن لە کاتێکدا ڕێککەوتنێک هەبێت کە تێچووی هەناردەی پێشوو، ئێستا و داهاتووش دەستەبەر بکات، پارەپێدانەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت، هەروەها ڕەچاوەی مەرجە بازرگانییەکانیشی تیادا بکرێت، بێگومان هەبوونی ڕێککەوتنێکی لەم جۆرەش پێویستی بە دەستکارییکردنی گرێبەستەکان هەیە”.
لەبارەی زیانە داراییەکان لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، وتەبێژی ئەپیکۆر، ڕایگەیاند: “زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت مانگانە بڕی یەک ملیار دۆلارە، ئەم زیانە بەر حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان و عێراقیش دەکەوێت کە کۆی گشتی دەکاتە ١٩ ملیار دۆلار”.
مایڵز کاگینز وتیشی: “دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگای بەندەری جەیهان، چانسێکە بۆ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پشکی خۆی لە بازاڕی جیهانی زیاد بکات، بە هەمانشێوە پەرە بە ئابووری خۆیشی بدات، ئێمە چاوەڕێی هەنگاوی کردەیین لە بەغدا بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا کە ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە ھەرێم و ٧٥ ھەزار بەرمیلیش لە کەرکووکەوە ھەناردە دەکرا.