ئاوات شێخ جەناب: گرفتی لیستی مووچە زۆربەیان چارەسەر کراون



وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم هۆکاری دروستبوونی گرفتی مووچەی مانگی حەوت ئاشکرا دەکات و دەڵێت” بەغدا لە مانگی دووەوە کۆی کردۆتەوە و بەیەکجار تێبینی داوە بەئێمە”.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە، “دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوت کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکییە، بەڵام لە ڕاستیدا پرسی مووچە بووە بە سایسی لە نێوان هەرێم و بەغدادا، ئێمە لیستی مانگی حەوتمان لەوادەی خۆیدا ناردبوو، بەڵام دوایانخست هەتا لە مانگی حەوتدا کێشەیەکیان دروستکرد، بە حساب ئەوان تقاتوعی وەزیفیان کردووە، هەتا مانگی حەوت قسەیان نەکرد، بە یەک جار پێنج کتابیان نارد کە تێبینی مانگی دوو و سێ و هەتا حەوتی تیا کۆبوبووەوە”.

وتیشی، تێبینیەکان بەشی هەرەزۆری چارەسەرکراوە، هەوڵمانداوە لەگەڵ خانەنشین و ئەوانەی تۆمار نەکراون هەتا سەری مانگ چارەسەربکرێن.

وەزیری دارایی وتوشییەتی” پێموایە هەتا سەریساڵ لیستی مووچەمان لە هەموو شتێک پاکدەبێتەوە، سەبارەت بە مووچەی خانەنشینی سەربازییەکانیش کە پێشتر بە ناو داواکراوە، کاتی دەوێت هەتا هەڵەکان ڕێکدەخرێنەوە و بە بێ کێشە ناوەکان دەنێردرێن و ئەوانیش هاوتا دەکرێن لەگەڵ بەغداد”.

دەربارەی هەژماری من ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاندووە، ئێستا عێراق ئیش لەسەر ئەوە دەکات سیستەمێکی بانکی وەک ئێمە دروست بکەن، بۆیە وەک خۆمان چاوەڕوانی ئەوەین هەتا سەریساڵ بابەتی هەژماری من دەبێت تەواو ببێت، نزیکەی 500 هەزار کەس تەواو بوون، لەم مانگەوە 120 هەزار کەس لە ڕێگەی ئەوەوە مووچە وەردەگرن، و هەرکەسێکیش لە ڕێگەی بانکەوە نەبێت واتە بە ئەلکترۆنی نەبێت، ناتوانێت مووچە وەربگرێت، هەرکەس هەتا سەری ساڵ ناوی خۆی تۆمار نەکات، خۆی بەرپرس دەبێت، چونکە مووچە بەدەست نامێنێت.

بەوتەی وەزیری دارایی بەشێکی تێبینییەکان بەهۆی “لێکتێنەگەیشتنەوە” بووە و زۆرینەیان چارەسەر کراون.

جەختیشیکردەوە، حکومەتی هەرێم سورە لەسەر ئەوەی “هەژماری من” ببێتە سەرچاوەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەشێوەی ئەلکترۆنی لەهەرێم.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، لە سنوری سلێمانی ڕێژەی بەشداری لە هەژماری من تەنها %37، لە کاتێکدا لە هەولێر %96 و لە دهۆک %92 هەژمارەکەیان پڕکردۆتەوە. لە کۆی گشتی مووچەخۆرانی هەرێمیش نزیکەی 500 هەزار کەس بۆنەتە خاوەنی هەژمارەکە.

تەیف سامی: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت
پێت تەیف سامی: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت
دامەزراوەی چاودێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
دوات دامەزراوەی چاودێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
پەیوەندیدار