وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری دابەشنەکردنی هاوکارییەکانای هاوپەیمانان بەسەر بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە ئاشکرا دەکات و دەڵێت” چاوەروانی بڕیاری هاوپەیمانان دەکەین بۆ ڕێکخستنەوە و چۆنیەتی دابەشکردنی هاوکاریەکانیان”.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، گرفتی پێنەدانی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ بەشێک لەهێزەکانی پێشمەرگە هیچ پەیوەندیێکی بە بریارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە نیە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بەشێوازی کارکردن و پێدانی هاوکاری هاوپەیمانان بەیەکە سەربازییەکان.
ڕوونیشیکردۆتەوە، گرفتی ئەو یەکە سەربازیانە پەیوەستە بە هەبوونی ڕۆتینێکی ئەمنی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەم بارەیەشەوە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی پێویستی ناوە و کاری جدی لەسەرکردوە .
ئاشکراشیکرد، وەزارەتی پێشمەرگە چاوەروانی بڕیاری هاوپەیمانان دەکات بۆ ڕێکخستنەوە و چۆنیەتی دابەشکردنی هاوکاریەکانیان بۆ یەکەکانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە.