سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: ئەوەی دەبوو حکومەت بیکات ئێمە کردمان



سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لەبارەی گرفتەکانیانەوە دەڵێت، “ئەگەر کیلۆیەک مریشک ٥ هەزاریش بکات هێشتا مایەکەمان بۆ دەر ناکات”.

نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “لە ماوەی سەردانەکەماندا بۆ بەغدا، نوێنەرانی کورد بەڵێنی چارەسەری گرفتەکانیان پێداوین”.

ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژی شەممە بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدڕاڵی ڕۆشتینە بەغدا و دوێنێ گەڕاینەوە، بەڵام ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سکاڵاکەیان پێ باش نەبوو.

ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئەوەی چەندین سەردانی و کۆبوونەوەمان کرد، نوێنەرانی کورد بەڵێنیان دا لەگەڵ پەرلەمانتارە عەرەبەکان لە بەرژەوەندی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان فشار لەسەر هەردوو حکومەت دروست بکەن.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕاشیگەیاند، لە میانی سەردانەکەماندا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووینەوە، بڕیارە هەفتەی ئایندە سەردانی هەرێم بکەن بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفتەکان بن.

نازم عەبدوڵا وتیشی، دەبوو حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمەیان بکردایە و سەردانی بەغدایان بکردایە نەک ئێمە، کە چۆن کێشەکەیان کردووەتە سیاسی ئاواش چارەسەری بکەن.

لەبارەی گرفتەکانیشیانەوە باسی لەوەکرد، بەرهەمەکانمان بە ئەستەم بە بازگەکاندا بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق تێدەپەڕن، مانگەکانی پێشووتر ١٠٠ بۆ ٢٠٠ ئۆتۆمبێل دەڕۆیشت، بەڵام نزیکەی ١٠ ڕۆژێک دەبێت ١٠ ئۆتۆمبێلیش بە زەحمەت ڕێگەی پێدەدرێت.

ئاشکراشی کرد، ئێمە لەناوخۆدا چەندین گرفتمان هەیە ئەگەر کیلۆیەک ٥ هەزاریش بکات هێشتا مایەکەمان بۆ دەر ناکات، ئێمە ٥ ملیۆن کەسین، بەڵام بەشی ٥٠ ملیۆن کەس بەرهەممان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگە بە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو دەدرێت.

جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ گرنگی پێ بدرێت، هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێت، ئاسایشی خۆراک دەپارێزرێت، ئابووری پێشدەکەوێت هەر وەک وڵاتانی جیهان، بەڵام بەداخەوە لە هەرێم پێچەوانەکەیەتی.

ئایا گۆشتی تاوس حەڵاڵە؟
پێشت ئایا گۆشتی تاوس حەڵاڵە؟
لە قوتابخانە وێرانەکانەوە ڕۆژئاوای كوردستان، ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات
دواتر لە قوتابخانە وێرانەکانەوە ڕۆژئاوای كوردستان، ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات
پەیوەندیدار