مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، پشتیوانی دەستەی دەستپاکی دەکەن بۆ بنبڕکردنی پەتای کوشندەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی یەکەمین ڕاپۆرتی ستراتیجیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کەرتی گشتیی بەڕێوەچوو.
مەسرور بارزانی لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سنووردانان بۆ بەهەدەردانانی سامانی گشتی، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بۆیە کاری جددیمان کردووە و ڕێکاری پێویستیمان گرتەبەر لە پێناو پەرەپێدانی شەفافییەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
وتیشی، جێی خۆشحاڵییە کە بەشێکی زۆری ئەو داواکاری و ڕاسپاردانەی لەم ڕاپۆرتەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەیان پێدراوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، کاری لە سەر کردوون و پلان و کارنامەی بۆ جێبەجێکردنیان داناوە، لەوانەش، بەدیجیتەڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دیجیتاڵی و هەنگاونان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی.
مەسرور بارزانی جەختیکردەوە کە “بە گڕوتین و ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە بەردەوام دەبین لەسەر درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتن و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی”.
وتیشی: “هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەی دەستپاکی دووپات دەکەمەوە لە پێناو سنووردارکردن و بنبڕکردنی پەتای کوشندەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان”.