ئەسپەکان زیرەکییان بێ ئەندازەیە و پلان بۆ داهاتوو دادەنێن



“نابێت گریمانە لەسەر زیرەکی ئاژەڵان یان هەستکردن بکەین، لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئایا بونیادی ژیرییان بە تەواوی وەک ئێمەیە یان نا”، ئەمە ناوەرۆکی توێژینەوەیەکی ئەم دواییەیە، کە ئاشکرایکردووە ئەسپەکان زۆر زیرەکترن لەوەی چاوەڕوان دەکرا.

 

لە یارییەکی ئاڵۆزدا، کە تیایدا ئەسپەکان پاداشتێک وەردەگرن بۆ تەواوکردنی، بەپێچەوانەی باوەڕی باوی زۆر کەس، زاناکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەسپەکان خاوەنی زیرەکییەکی زۆرن، پاش ئەوەی دەرکەوت لە یارییەکەدا ئەسپەکان ئاستێکی باشتریان پێشکەشکرد لەوەی چاوەڕوان دەکرا.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەسپەکان بێبەش بوون لە وەرگرتنی پاداشت کاتێک یاساکانی یارییەکەیان جێبەجێ نەکرد، دواتر و لە یاری داهاتوودا دەستبەجێ ستراتیژی خۆیان گۆڕی بۆ بەدەستهێنانی پاداشتی زیاتر.

زانایانی زانکۆی نۆتینگهام ترێنتی بەریتانیا ڕایانگەیاند، توێژینەوەکە دەریدەخات کە ئاژەڵان توانای بیرکردنەوە و پلاندانانیان هەیە بۆ داهاتوو.

 

هەروەها زاناکان ئاماژەیان بەوە کردووە؛ زانینی چۆنیەتی فێربوونی ئەسپەکان دەتوانێت یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە چاودێرییان دەکەن بە شێوەیەکی مرۆڤانەتر ڕاهێنانیان پێبکەن و کاربکەن بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان.

 

کاری گیچی، شارەزا لە زانستی ئەسپ لە زانکۆکە دەڵێت: “ئەسپەکان لە ڕاستیدا لە ڕووی توانای زانین و فێربوون و هەستپیکردنەوە پێشکەوتووترن لەوەی ئێمە بیرمان لێدەکردەوە”.

 

توێژینەوەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو؛ ئەسپەکان توانایەکی بەهێزی ناوەکییان هەیە کە یارمەتیان دەدات لە بڕیاردان و بنیاتنانی چاوەڕوانییەکان.

لویس ئیڤانس، توێژەری دکتۆرا لە کۆلێژی زانستە ئاژەڵییەکان لە زانکۆی نۆتینگام ترێنت دەڵێت: پێشبینیمان دەکرد ئاستی ئەسپەکان باشتر بێت کاتێک هەنگاوی جۆراوجۆرمان جێبەجێکرد، بەڵام سەرمان سوڕما لە خێرایی و کوالێتی ئەسپەکان لە باشتربوونی بڕیارەکانیان لە یارییە ئاڵۆزەکەماندا”.

 

ئەو ڕوونیکردەوە: “بەزۆری ئاژەڵەکان پێویستە چەند جارێک هەر ئەرکێک کە پێیان دەسپێردرێت دووبارەی بکەنەوە بۆ ئەوەی وردە وردە زانیاری نوێ بەدەستبهێنن، بەڵام ئەسپەکان یەکسەر باشتر بوون کاتێک سزایەکمان بۆ هەڵەکردن جێبەجێکرد”.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەسپەکان بە درێژایی ماوە ئاگاداری یاساکانی یارییەکە بوون.

 

کاری گیچی دەڵێت، ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن؛ ئەسپەکان “دەبێت ناوچەیەکی دیکەی مێشک بەکاربهێنن بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی سەرسوڕهێن”.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە فێرمان دەکات کە نابێت گریمانە لەسەر زیرەکی یان هەستی ئاژەڵێک بکەین بە پشتبەستن بەوەی کە ئایا پێکهاتەکەیان بە تەواوی وەک پێکهاتەی ئێمەیە یان نا.

١٠ زانیاری نوێ دەربارەی ئاوڵەی مەیمون.. ڤاکسینەکە تا چەند کاریگەرە؟
پێشت ١٠ زانیاری نوێ دەربارەی ئاوڵەی مەیمون.. ڤاکسینەکە تا چەند کاریگەرە؟
ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکرا دەکرێت
دواتر ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکرا دەکرێت
پەیوەندیدار