وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی باسی گرفتەکانی نەناردنی مووچەی هەرێم دەکات و دەڵێت” هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی جیاجیاوە گرفت بۆ مووچە دروستبکرێت”.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەکۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی باسی زۆر بابەتی گرنگ کراوە بەتایبەت مووچە و گرفتەکانی مووچەی هەرێم.
ڕاشیگەیاند، ئێمە ڕۆژانە لەڕێگەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانن دەبیستین کە ناڕێکییەکی زۆر لە زیادکردنی ناوی مووچەخۆران و لیستەکانی مووچەدا هەیە، کە بە دیدی یەکێتی دەستکاریکردنی لیستی مووچە بەشێوەیەکی نادروست ڕیگرە لە چارەسەرکردنی ڕیشەیی گرفتی مووچە لە بەغدا.
ئاماژەی بەوەشدا، بەداخەوە هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی جیاواز جیاوازەوە گرفت بۆ مووچەی هەرێم دروستبکرێت، ئێمە وەک یەکێتی دووپاتیدەکەینەوە دەبێت گرفتی مووچە بەتەواوی چارەسەر بکرێت.
سەعدی پیرە لەبەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا،نوێنەرانی کورد و کاربەدەستان و سەرۆککۆمار لە بەغدا دەبێت هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ چارەسەری ئەم بابەتە، وەک یەکێتی پشتیوانی هەر هەوڵێك دەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەی هاونیشتمانییان.