پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، دوای 3 ساڵ و هەوڵی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق، دواجار بڕیاردرا تۆماركردنی ناوی نوێ لە بەشەخۆراك دەستپێبكاتەوە.
دارا سێكانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کە ماوەی ( 3 ) ساڵە تۆمارکردنی ناوی نوێ وەستاوە بڕیارە تۆمارکردنی ناوی نوێ بۆ بەشەخۆراکی مانگانە دەست پێبکاتەوە.
وتیشی، ” لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا داوامان لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كرد ناوی لەدایكبووانی نوێ تۆمار بكرێت و قەرەبووی بەشە شیری تازە لەدایكبووان بكرێتەوە”.
پێشتر، شەوكەت محەمەد ، بەڕێوەبەری پێشووی بەشەخۆراکی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، تۆمارکردنی ناوی نوێ بۆ بەشەخۆراکی مانگانە نزیکەی 3 ساڵە ڕاگیراوە و لەمەوبەدوا دەستپێدەکاتەوە.
ماوەی سێ ساڵە تۆماركردنی ناوی نوێ بۆ بەشەخۆراكی مانگانە وەستاوە، لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن ناوی نوێ بۆ لیستەكانیان تۆماربكەن لەڕێگەی سەردان كردنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پسووڵەی خۆراك لە پارێزگاكانیان.