سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی دەمانەوێت و هەر دەبێت ڕووبدات، هێنانەكایەی قۆناغێكی نوێی حوكمڕانییە، كە وەڵامدەرەوەی خواست و داواكاریی هاووڵاتییان بێت و توانای چارەسەركردنی كێشەی مووچە و قووتی خەڵكی هەبێت و ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەی نەكاتە قوربانیی ململانێ سیاسی و ناڕەواكان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر لەگەڵ لێپرسراوی بازنەكانی سنووری پارێزگای هەولێر كۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هەمیشە لەگەڵ هەولێرییە خۆڕاگرەكان دەمێنێتەوە و ئەمجارە پێكەوە لە هەولێری پایتەختەوە مژدەی بونیادنانی حوكمڕانییەك رادەگەیەنین كە خزمەتكاری هاوڵاتییان بێت نەك یاری بە ژیان و چارەنووسییانەوە بكات.
ڕاشیگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جارێكیتر و لەژێر هیچ ناوێكدا رێگە بە جیاكاری و تاكڕەوی لە بەڕێوەبردندا نادات، ئەوەی دەمانەوێت و هەر دەبێت ڕووبدات، هێنانەكایەی قۆناغێكی نوێی حوكمڕانییە كە وەڵامدەرەوەی خواست و داواكاریی هاوڵاتییان بێت و توانای چارەسەركردنی كێشەی مووچە و قووتی خەڵكی هەبێت و ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەی نەكاتە قوربانیی ململانێ سیاسی و ناڕەواكان.
دەشڵێت: بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەرفەتێكی گرنگ و چارەنووسسازە تاوەكو هەموومان پێكەوە بە رۆحێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە هەنگاو بۆ داهاتوویەكی سەقامگیرتر بنێین و داهاتوویەكی خۆشگوزەرانتر بۆ نەوەكانمان بونیادبنێین.
سەرۆكی یەكێتی وتیشی، “لە ڕابردوودا بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵكە دڵسۆزەكەمان، هەنگاوی گەورە و كاریگەرمان ناوە، دڵنیام لە داهاتووشدا بە رۆحێكی كۆڵنەدەرانەی یەكێتییانە و كوردانەوە سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكەین. هەولێر خاكی پیرۆزی كوردستانە و موڵكی هەموو ئەوانەیە، كە بە دڵ كوردستانیان خۆشدەوێت نەك ئەوانەی لەپێناو بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و كەسیدا بەكاریدەهێنن”.