بەشێک لە نوێنەرانی کێڵگە پەلەوەرییەکان چوونە بەغدا



بەشێک لە نوێنەرانی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان سەردانی بەغدایان کرد بەمەبەستی لادانی ئەو ڕێگرییانەی کە بۆ هەناردەی بەرهەمەکانیان هەیە و ئەندامێکی پەرلەمانیش هۆشداری دەدات بە بەغدا و دەڵێت ” ناچارمان مەکەن بچینە دادگا”.

ئەمڕۆ دووشەممە ، خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەسەتی لادانی ئەو ڕێگرییانەی خراوەتە بەردەم هەناردەکردنی بەرهەمەکانییان، سەردانی بەغدایان کرد و بە ئامادەبوونی هەریەک لە بڕیار ڕەشید و دارا سێکانیان، ئەندام پەرلەمانانی عێراق کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا دارا سێکانیان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی یەکگرتوو ڕایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان هەزار و ٩٥٠ كێڵگەی پەلەوەریی هه‌ن و دوو هەزار و ٨٠٠ هۆڵی بەخێوكردنی مریشك هەیە، كە زیاتر لە چوار هەزار خێزانی هەرێم سوودمەندن لەو پڕۆژانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ڕێگریی دەكرێت لەوەی بەرهەمی ئەو كێڵگانە لە مریشك و هێڵكە داخڵی سنوورەكانی حكومەتی عێراق بێت، بۆیە ئەوان وەكو نوێنەری سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن بەزووترین كات چارەسەری ئەو گرفتە بكەن.

هاوکات بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی یەکێتی لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە لەگەڵ نوێنەر و خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە گفتوگۆداین بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەك بۆ ئەو گرفتە، ئەم ڕێگرییە زەرەر بەو خاوەن کێڵگانە دەگەیەنێت کە بەرهەمی خۆماڵیی ئامادە دەکەن، لە هەمانكاتدا ساردبوونەوە لای ئەوان دروست دەكات كە چیتر گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی نەدەن.

بڕیار ڕەشید داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان كرد بە زووترین كات لەگەڵ حكومەتی عێراقدا ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، هۆشداریشی دا، ئەگەر لایەنی جێبەجێكار لە حكومەتی عێراق چارەسەری كێشەكە نه‌كات، پەنا بۆ ڕێگەی دیكە و دادگا دەبەین.

 

مووچەی خانەنشینان دوای زیادكردنی چۆن دابەش دەكرێت؟
پێت مووچەی خانەنشینان دوای زیادكردنی چۆن دابەش دەكرێت؟
عێراق بۆ پێدانی نەوت و بەنزین بە هەرێم بڕیار دەدات
دوات عێراق بۆ پێدانی نەوت و بەنزین بە هەرێم بڕیار دەدات
پەیوەندیدار