10 ساڵە بوودجە پشتگوێخراوە



دە ساڵە هەرێمی كوردستان بوودجەی نییە و ئەوەش بە بڕوای شارەزایانی ئابووری كاریگەری لەسەر لایەنی ئابووری و سیاسی و دەروونی هاووڵاتییان دروستكردووە و دەرگایەكیش بۆ گەندەڵی دەكاتەوە، چونكە پارە بێ حساب خەرجدەكرێت، نە كەس دەزانێت داهات چەندە؟ نە كەس دەزانێت خەرجی چەندە؟.

شارەزایانی ئابووری دەڵێن، نەبوونی بوودجە لە وڵاتدا دەرگای جۆرەها گەندەڵی لە بواری ئابووری دەكاتەوە.

پەڕلەمانی كوردستان وەك لایەنێكی تایبەتمەند لە نەبوونی یاسای بوودجە بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ چاودێرییەكی خەرجی و داهاتەكانیشی نەكردووە، چونكە یاسای بوودجە نەبووە.

كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2013 ەوە بوودجە نەهاتووەتە پەڕلەمان، پێشتریش وتوومانە ناكرێت بودجە نەیەتە پەڕلەمان، ئەو گەمارۆدانەی سلێمانی و دەستلەقوڕگنانەی بەشێكی شارەكان دەر ئەنجامی نەبوونی بوودجەیە و ئەوەش كارەساتە و كێشەی زۆر گەورەی بۆ دروستكردووین.

دەشڵێت، “هەتا ئێستاش بوودجە هیچ دەنگێكی نییە كە بهێنرێتە پەڕلەمانی كورستان”.

بە بڕوای ئەو پەڕلەمانتارە، ئەگەر بوودجە هەبێت ئەو كاتە هەموو داهاتانەكانی هەرێمی كوردستان لە سندوقێكدا كۆدەكرێنەوە و بە دادپەروەری بەسەر شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشدەكرێت.

لە لایەكی دیكەوە د. كاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی ئابووری بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان، زیانمەندی یەكەمی نەبوونی بودجە هاووڵاتییانن، نەبوونی بودجە هاوكارێكی زۆر باشی زیادبوونی گەندەڵییە، ئەوانەی سەرقاڵی گەندەڵین باڵادەستدەبن، نائومێدبوونی خەڵكیشی لەگەڵە، چونكە نازانن دارایی وڵات چۆن خەرج دەكرێت؟ ئایندەیان چۆنە و بەكوێ‌ دەگات؟.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، گرنگی بودجە لەوەدایە كە ئامانجی وڵاتەكە لە ماوەی ساڵێكی نوێدا ڕووندەكاتەوە بۆ ئەو كارانەی دەیكات، وەزارەتەكان بەرچاویان ڕووندەبێت بۆ ئەوەی بتوانن هەماهەنگی بكەن و سوود لە ئەزموونی یەكدی وەربگرن و لەگەڵیشیدا پڕۆژەیاسای بودجە جێبەجێ‌ بكەن و دواتریش پێداچوونەوەی كۆتایی دەكرێت بۆ زانینی گرفتەكان و چۆنێتی جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای بودجە.

هاوكات عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، نەبوونی یاسای بوودجە نیشانەی ئەوەیە حكومەت و دەسەڵات شایستە نین لەحكومەتدا بن، چونكە یاسای بودجە سەرەتاییترین ئەركی هەر حكومەتێكە هەیبێت بۆ ئەوەی داهات و خەرجی خۆی دابڕێژێت و پلانی ئابووری خۆی هەبێت بۆ هەموو سێكتەرو بوارێك.

دەشڵێت، نەبوونی یاسای بوودجە و ژمێرەی كۆتایی سەرچاوەی ناشەفافی و گەندەڵییە، چونكە لەپشت نەبوونی یاسای بوودجە ئەوەی خۆی شاردووەتەوە گەندەڵییە، ئەو بەهەدەردانەی لەسەروەت و سامانی هەرێم هەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.

لەبارەی بێدەنگی پەڕلەمانەوە سەبارەت بە بودجە، عومەر گوڵپی دەڵێت، تاوەكو ٦/١١/٢٠٢٢ هەمووی ئەوەی لەسەر شانمان بووە كردمان تاوەكو حكومەت ناچار بكەین یاسای بوودجەی هەبێت، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی پەڕلەمانی و دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان ڕێگربوون لەوەی پەڕلەمان ئەركی خۆی ببینێت، پەڕلەمان بووە پارێزەری حكومەت لەم كارەدا.

چارلی ئیبدۆ ئێرانی تووڕەكرد
پێت چارلی ئیبدۆ ئێرانی تووڕەكرد
تەرمی ئەڤین گۆیی بەرەو قەندیل بەڕێدەكرێت
دوات تەرمی ئەڤین گۆیی بەرەو قەندیل بەڕێدەكرێت
پەیوەندیدار