تا ئێستا ئایندەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ناڕوونی ماوەتەوە



ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ١٧ مانگدا زیانی ١٩ ملیار دۆلاری بە عێراق گەیانددووە و، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ( ئەپیکۆر)یش دەڵێت تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە.

مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ڕایگەیاند تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نییە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرھەمھێنانی نەوت چاوەڕێی پێشنیاز و ڕۆڵی بەرپرسانی بەغدا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

ئەپیکۆر لە هەشت کۆمپانیای بیانی پێکدێت کە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن.

کاگینز ڕوونیکردەوە کە کۆمەڵەکەیان لە هەماهەنگی و پەیوەندیدان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە لە ڕێگای بۆیی عێراق – تورکیا بۆ بەندەری جەیهان.

کاگینز جەختی لەوەشکردووەتەوە کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە لەماوەی ١٧ مانگدا، بڕی ١٩ ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە، هەروەها وەک ئەپیکۆر داوایشی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە کە بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزی بەرھەمھێنانی نەوتی نێوان ئەیلوولی ٢٠٢٢ و ئاداری ٢٠٢٣ـی پێ بداتەوە.

وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە دەیانەوێت گفتوگۆ لەسەر هەمواکردنەوەی گرێبەستەکان بکەن و، ڕاشیگەیاند کە کۆمپانیاکان داوا دەکەن پارەی فرۆشتنی نەوتیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێ بدرێت.

کاگینز دەشڵێت کە چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە بەغدا سەرکردایەتی پرسی نەوت بکات بە تایبەت ئەو بەڵێنانەی محەمەد شیاع سوودانی بە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدنی داوە کە کاری لە پێشینەیان دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتە بۆ بەندەری جەیهان.

لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا کە ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە هەرێم و ٧٥ هەزار بەرمیلیش لە کەرکووکەوە هەناردە دەکرا.

تا ئێستا شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا چەندین جار کۆبوونەتەوە، دواترینیان سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣دا، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی لە بەغدا، ڕێککەوتنێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم واژووکرا، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە کاری پێنەکراوە و ئەم دۆخەش بووەتە ھۆی ڕاوەستانی پڕۆژەکانی حکومەت و دروستبوونی کێشە لە بوودجە و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمدا.

زیاتر لە دوو ساڵیشە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان کە لایەنی پەیوەندیداری دۆسیەی نەوتە، بە وەکالە بەڕیوەدەبرێت، ئەویش دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئایاری ٢٠٢٢دا رایگەیاند، کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان “بە هۆی ناجێگری باری تەندروستییەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە.

لەو کاتەشەوە پۆستەکە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەباوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت.

وەزارەتی شارەوانی: گوژمەی پێویست بۆ 12 پرۆژەی سلێمانی خەرج دەکرێت
پێت وەزارەتی شارەوانی: گوژمەی پێویست بۆ 12 پرۆژەی سلێمانی خەرج دەکرێت
زیاتر لە 54 ملیۆن دینار بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی کۆیە خەرجدەکرێت
دوات زیاتر لە 54 ملیۆن دینار بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی کۆیە خەرجدەکرێت
پەیوەندیدار