سازگار، لە ماڵ و لە کار گوڵ بووەتە هەوێنی ئارامی ڕۆژەکانی



سازگار هەستی خۆشەویستی و گرنگیدانی وەک دایکێک لە گەشانەوەی گوڵەکانیدا رەنگیداوەتەوە، بەشێوەیەك هەموو دەوروبەرەكەی سەرمام كردووە، ئەو رۆژانەی لە چاودێریکردنی گوڵ و روەکەکان بەسەردەبات.

سازگار حەسەن، لە ٣٠ەکانی تەمەنیدایە و دایکی دوو منداڵە، بڕوانامەی دیبلۆم و بەکالۆریۆسی لە باخداری و رووەکە جوانەکان لە سلێمانی بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2011ەوە لەوکاتەوەی لە پەیمانگەی تەکنیکی بەکرەجۆ دەستی بە خوێندن کردووە لەنێو گوڵ و رووەکەکانی ناو پەیمانگەکە کار دەکات.

لەنێو ماڵەکەیدا چەندین گوڵ و رووەکی بەر سێبەری داناوە، کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی هەموو ڕۆژێک، پێش خۆ ئامادەکردن و چوونە پەیمانگە، سەیرێکیان دەکات و دەست بە ئاودان و پرژە کردنیان دەکات.

سازگار حەسەن، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتتدا بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک باس لە ڕۆژەکانی لەنێو ڕووەک و گوڵ دەکات لە نێو ماڵ و کارەکەیدا.

“گوڵەکانم بە ئەندامێکی خێزانەکەم دەبینم، چونکە هەتا خزمەتییان بکەیت ئەوانیش بە جوانی دەمێننەوە”، سازگار لەبارەی گرنگیدان بە گوڵ و رووەک لەنێو ماڵەکەیدا وایوت.

زیاتر وتی “بەیانیان و ئێواران بەپێی پێویست ئاویان دەدەم و پرژەیان دەکەم، هەروەها تەماشای گەڵاکانیان دەکەم و گڵەکانیان بۆ دەگۆڕم هەست بە ئارامی دەروونم دەکەم و دەچمە دنیایەکی دیکەوە، ئەوکاتە ئاسوودەم کە دەبینم گەڵایەکی تازەیان کردووە”.

لەدەرگای ماڵەکە و لەنێو حەوشەکەدا تەنانەت تا دەچیتە نێو ژورەکان چەندین جۆری گوڵ و رووەكی جیاواز دەبینیت، پێ قاز، نەخلی زینە، جلد نەمر، چاو و برۆ، گوێ فیل، لاب لاب، مەتات بەشێکن لەو رووەكانەی کە دایناون، تەنانەت لەنێو مورو و حەوزی ماسیشدا رووەكی داناوە.

“بە گرنگییەوە گوڵ و رووەك بۆ نێو ماڵەکەم هەڵدەبژێرم، بۆ نمونە جلد نەمر زۆر گرنگە لە ماڵدا هەبێت، بەتایبەتی لە ژوری نوستن کە ئۆکسجینێکی باش بۆ ژوورەکە دابین دەکات هەوا پاک دەکاتەوە”.

 

سازگار دەرچووی بەشی کشتوکاڵییە و ئەمەش بەشێکە لە هۆکاری خۆشەویستی و گرنگیدانی بە گوڵەکان لەگەڵئەوەشدا لە رووی زانستییەوە پڕ زانیاری بووە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ رووەكەکان.

سازگار بە خەندەیەکەوە لە باسکردنی گوڵەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، “مارانتا یەکێکە لەو رووەكانەی کە خەڵک وا باسی دەکەن کە خێرا دەفەوتێ، بەڵام سێ ساڵە لە ماڵەکەمدا هەمە و ماوەتەوە، زوو زوو نەخۆش دەکەون، بەڵام گیراوەیەکی تایبەتم بۆ چارەسەرکردنیان درووستکردووە”.

چەند رووەك و گوڵێکی جیاواز چێشتخانەی ماڵەکەیان ڕازاندووەتەوە، سازگار مەرکانەیەکی گڵی داناوە، بۆئەوەی شێیەکی تەواو بە گوڵەکانی بدات، تا هەڵم و بۆنی خواردن رووەكەکانی نەخۆش نەخەن.

بەو پێیەی کە سازگار باسی لێوەکرد، گوڵ و رووەكەکانی نێو ماڵەکەی کەشوهەوایەکی ئارامیان دروستکردووە، بەردەوام ئەو کەسانەی میوانن و سەردانی دەکەن، پرسیاری هۆکاری مانەوە و گەشاوەیی رووکەکانی لێدەکەن.

“دوو منداڵم هەیە هەمان ئەو سۆز و گرنگیپێدانەی بۆ ئەوان هەمە بۆ رووەكەکانیشم هەمە، تەنانەت یەکێکیان هەمان تەمەنی کوڕەکەمی هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، رووەكەکان زیندوون و هەستمان پێدەکەن، خۆشەویستی منە بۆ گوڵەکانم وایکردووە کە وا جوان بمێننەوە، چونکە کەشوهەوای ماڵی ئێمە بۆ هەندێکیان گونجاو نییە، کەچی خۆیان گونجاندووە.

باسی لەوەکرد، هاوسەر و منداڵەکانیشم حەزیان لە رووەك و سەوزاییە، هەموو ماڵێک پێویستە سەوزایی هەبێت بۆ پاککردنەوەی هەوا و ئارامی لایەنی ڕۆحی.

فرمێسک جاف ماستەر لە چارەسەری دەروونی باسی لەوەکرد، “سروشت کاریگەری ڕاستەوانەی لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە، فشار کەمدەکەنەوە، بۆیە ئەو کەسانەی زیاتر دەچنە ناو سروشت دەروون دروستترن”.

وتیشی، “لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بوونی زیاتری خەڵک لەنێو تەکنەلۆژیا و ڕووداوە نەرێنییەکان، وایکردووە گرفتە دەروونییەکان زیاتر بن”، زیاتر وتی “ئێمە وەک چارەسەرکاری دەروونی ڕێنمایی ئەو کەسانە دەکەین کە دێنە لامان، رووەك و سەوزایی لەنێو ماڵەکانیان زیاد بکەن و زیاتر بچنە ناو سروشت، بەتایبەتی بۆ ژنان، چونکە بەهۆی گۆڕانی هۆڕمۆناتەوە زیاتر دووچاری فشار و تەنگەژەی دەروونی.

 

بەیان فەرەج، ژنێکی شاری سلێمانییە و خاوەنی شەتڵگەیە، لەبارەی خواستی ژنان بۆ کڕینی گوڵ و رووەك وتی “زیاتر لە 10 ساڵە ئەم کارە دەکەم، رێژەی زۆری ئەوانەی سەردانم دەکەن ژنن”.

“بە سەدان ژن هەن لە شار و شارۆچکەکانەوە سەردانم دەکەن و مانگانە گوڵ و روەكم لێدەکڕن، ئەوانەشی نەتوانن سەردانم بکەن، داوای دەکەن و بە گەیاندن بۆیان دەنێرم”.

سازگار ماوەی 10 ساڵ دەبێت لەناو خانووە شوشەییەکانی پەیمانگای کشتوکاڵی بەکرەجۆ کاردەکات، سەرقاڵی گرنگیدانە بە گوڵ و روەكەکان کە خوێندکارانی پەیمانگەکە سودی لێدەبینن، لەگەڵئەوەشدا لە ساڵانی پێشتردا بەرهەمێکی زۆرتریان هەبووە و فرۆشتویانە و لەڕوی داراییەوە سودیان لێبینیووە.

سازگار هەموو ڕۆژێک بە ڕوویەکی شیرین و پڕ وزەوە دەچێتە ناو خانووە شووشەییەکانی پەیمانگاکە کە نزیکەی 18  ساڵ تەمەنیانە کە ئەمەش لە ژەنگی سەر ڕەفەکان و کۆنی شووشەکان دەبینرێت، وا پێدەچێت کە هیچ کات نۆژەن نەکرابێتەوە، تەنانەت ئامێری پێوانەکردنی شێ-کەش لە کار کەوتووە.

بە نیگەرانییەوە باسی لەوەکرد، “لە ساڵانی پێشوودا چەندین خانووی شووشەیی تایبەت بە رووەكەکانیان هەبووە، بەڵام ئێستا تەنها یەک دانەیان ماوە و خوێندکاران سوودی لێدەبینن”.

سازگار لەگەڵ ئامادەکردنی گڵ و بێژانەوەیدا بۆ ئامادەکردنی ئینجانەیەک بە شێوەی زانستی وتی، “ئێستا خواست لەسەر بەشە کشتوکاڵییەکان کەمیکردووە، ساڵان زیاتر لە 100 خوێندکارمان هەبوو، بەڵام ئێستا کەمترن لە 20 خوێندکاران”.

سێ جۆر گڵی لە ئاسایی، بیتمۆز، پێرلایت بۆ رووەكی “مەتات” ئامادەکرد و وتی، “ئاوا گەشەدەکات و خۆراکێکی تەواو وەردەگرێت”.

لە بنی ئینجانەکەدا چەوی دانا، بۆئەوەی گڵ لێوەی نەیەتە خوارەوە و ئاویش تیایدا نەمێنێتەوە، دواتر بردیە شوێنێکی فێنک و بەر سێبەر، ئاماژەی بەوەکرد، “دوو سێ ڕۆژ بەردەوام ئاوی دەدەین تا گەشەیەکی باشی هەبێت”.

لە کۆتاییدا سازگار ئەوەشی خستەڕوو، “ئێمە لێرە زۆربەمان ژنین، تەنها یەک کوڕمان تێدایە، هەموومان ئیشەکان پێکەوە دەکەین، خوێندکارەکانیشمان کچن زۆریش ئازان و ئیشەکانیان بە جوانی دەکەن”.

جەختی لەوەکردەوە، ئەم هۆکارە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە، ژنان هەر لە کۆنەوە ئاوێتە سروشت و رووەك بوون، خۆیان وەک بەشێک لە ژینگە و سروشت بینیووە، بۆیە لە ماڵ و لە کاردا چێژ لە هەبوون و گرنگپێدانیان دەبینن.

بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای تەکنیکی کشتوکاڵ، بەشی (کشتوکاڵی داپۆشراو، دیزاینی باخچەکان، زانستی خۆراک و کۆنترۆڵی جۆری) تەنها 11 خوێندکاری کوڕیان هەیە، بەڵام 50 خوێندکاری کچیان هەیە.

 

“سیخوڕەکەی ڕووسیا” بەمردارەوبوویی دۆزرایەوە
پێشت “سیخوڕەکەی ڕووسیا” بەمردارەوبوویی دۆزرایەوە
بەڕێوەبەرایەتیی نوسینگەکانی زانیاری سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە
دواتر بەڕێوەبەرایەتیی نوسینگەکانی زانیاری سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە
پەیوەندیدار