دووبارە قەیرانی مووچە… بەغدا كارتی سوور بەرزدەكاتەوە



کێشەی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە، ئەمەش لە ئەنجامی قەیرانێکی نوێ، كە پەیوەستە بە زیادکردنی پارەی مووچە لەڕێگەی ئەنجامدانی دامەزراندنی نوێ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، جگە لە زیادکردنی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی، کە مووچە لە حکومەتی فیدڕاڵی وەردەگرن لە کەرکوک و دیالە و نەینەوا، بۆ ئەمەش لایەنە کوردییەکان یەكتری تۆمەتبار دەكەن و حكومەتی فیدڕاڵیش خەرجکردنی مووچەی لە سەرتاسەری هەرێم ڕاگرت بەبێ چارەسەرێكی ڕوون، ئەمەش خۆپیشاندان و بایكۆتی فەرمانبەرانی لە سلێمانی لێكەوتەوە.

كێ‌ بەرپرسیاری قەیرانی مووچەیە… عێراق یان هەرێم؟

شێخ لەتیف، سیاسەتمەداری سەربەخۆی کورد لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (العالم الجدید) ڕایگەیاند، “حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە دەسەڵاتدارەکان هۆکاری سەرەکین لەپشت سەرهەڵدانەوەی قەیرانی مووچەوە، بەو پێیەی زیادبوونی لیستی مووچە هەیە بۆ مانگی تەمموز زیاتر لە مانگی حوزەیران، بە نزیکەی ١٢٠ ملیار دینار (نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵمەتێکی خراپی حزبە دەسەڵاتدارەكان بۆ دامەزراندن و گرێبەستەکان”.

دەشڵێت: “ئەو لایەنانە هەزاران دامەزراندنیان کرد و لەنێوان خۆیاندا دابەشیان کرد، هەروەها فەرمانبەرانی حزبەکەیان گواستەوە بۆ ستافی حکومەتی هەرێم، ئەمەش بارگرانی لەسەر لیستی مووچە دروستکرد، کە پێشتر ساڵانە لە 940 ملیار دینار زیاتر نەبوو، لەکاتێکدا ئەوە لە ئێستادا نزیکەی یەک تریلیۆن و ٦٠ ملیار دینارە”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، “ئەم بابەتە لەلایەن بەغدا (حکومەتی فیدراڵی) دۆزرایەوە، لەوێ ناوی دووبارە و هاوشێوەی دۆزییەوە، هەروەها ناوی نوێ کە پێشتر مووچەیان وەرنەگرتبوو، هەروەها فەرمانبەری کورد هەیە لە حکومەتی فیدڕاڵی لە پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا، و دیالە، تەنانەت لەناو هەرێمیشدا، كە لە میلاكی بەغدا تۆمارکراون، بەڵام لە حکومەتی هەرێمیشدا تۆمارکراون و ئەم بابەتەش لەڕێگەی وردبینییەوە دۆزرایەوە”.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئاماژە بەوە دەکات، کە “حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی قەیرانی ڕەنجی فەرمانبەران و هاووڵاتیانی دەكەوێتە ئەستۆ، ژیان جارێکی دیکە ئیفلیج بووە، لە ئەنجامی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە بۆ زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ و گۆڕەپانی مانگرتنەکانیش دووبارە گەڕایەوە و هیچ هیوایەک بۆ سەقامگیری لەم بابەتەدا بە هیچ شێوەیەک نییە”.

زیاتر لە 50 ڕۆژ تێپەڕی بەبێ وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمموزی ڕابردوو، ئەوەش دوای ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا لەسەر تەوتینی مووچە، لەبەر ڕۆشنایی ڕەخنەی فیدڕاڵی سەبارەت بە ناڕێکی لە لیستی ناوی فەرمانبەران.

كێ‌ بەرپرسیاری قەیرانی مووچەیە… عێراق یان هەرێم؟

لای خۆیەوە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە “لیژنەی وردبینی بەرپرس لە پێداچوونەوە بە لیستی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان ڕەخنەیان لە 28 دامەزراوەی هەرێم گرتووە، هەر بۆیەش پێدانی مووچە دواخرا”.

دەشڵێت: “حکومەتی هەرێم بڕە پارەکانی زیاد کردووە، هەربۆیە بەرپرسە لە دواكەوتنی مووچە، هەروەها ژمارەی ناوی وەهمی و ژمارەی ناڕاستەقینە هەیە، بەتایبەتی لە دامەزراوە ئەمنییەکان”.

سۆران عومەر ڕوونیشی دەکاتەوە، “وەزارەتی دارایی فیدراڵی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانە ڕادەست بکاتەوە، کە بەپێی سیستمی بایۆمەتری تۆمارکراون، بەڵام هەندێک لەو ناوانەی ئێستا دەخرێنە لیستی ناوەکانەوە بە ناوی ساختە و دووبارەکراوەوە گۆڕدراون و هەموو مانگێک هەولێر لیستی ناوەکان دەنێرێت جیاوازه له ناوەکانی پێشوو و زیادەی تێدایه و ئەوەش پڕۆسەی وردبینی ئاڵۆز كردووە”.

بەردەوامی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر سێبەرێک دەخاتە سەر ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ ڕێکخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت، چونکە قەیرانی مووچە، هاوکات لەگەڵ تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان هاوتەریب لەگەڵ زیادکردنی بەرچاوی باج، پێشبینی دەکرێت جێگەی سەرنجی سەرەکی بێت لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتە کوردییەکان.

یەكێتی: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ تەوتین ڕوونە

هاوكات، بورهان شێخ ڕەئوف، سەركردە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ماڵپەڕەكە وتوویەتی، “سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی لە پارتی دیموکرات و وەزیری دارایی لە هەرێم، ئاوات شێخ جەناب لە بزووتنەوەی گۆڕان بەرپرسن لە قەیرانی مووچە، هەربۆیە یەکێتیی نیشتمانی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە قەیرانی مووچەوە نییە”.

ڕاشیگەیاندووە، “بڕیارێکی ڕوون و ڕاشكاو لە دادگای فیدراڵیەوە هەیە بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەران لە بانکە فیدڕاڵیەکان، بەڵام سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکرات ڕێگری لە پڕۆسەی تەوتینی مووچە دەكەن، بە مەبەستی سوودگەیاندن بە بانکە ئەهلییەکانی سەر بەخۆیان و پێداگری لەسەر پڕۆژەی (هەژماری من) دەکەن”.

ئەو سەركردەیەی یەكێتی ڕەتیدەکاتەوە کە پارتەکەی “هیچ دامەزراندنێک یان گرێبەستێکی کردبێت” و دەڵێت: بەرپرس نییە لە ژمارەی وەهمی (ساختە) یان سەرپێچی لە ناو لیستی مووچە، بۆیە پارتی بەرپرسە لە بازرگانی كردن بە بە ئازارەکانی هاووڵاتیانەوە لە كوردستان”.

پێشتر، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیار دراوە هەر 38 هەزار وانەبێژەکە دابنرێن و بیانگوازرێنەوە بۆ گرێبەستی هەمیشەیی لەسەر بودجەی هەرێم.

پارتی: ئەگەر عێراق دەیەوێت مووچە بدات چارەسەرەكە ئاسانە

لە بەرامبەریشدا وەفا محەمەد کەریم، كادری پێشكەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕەكە دەڵێت: “ئەگەر باس لە ژمارەی وەهمی و ناڕێکی لە لیستی مووچە و دامەزراندنی نوێ دەکەن، چارەسەرەکە زۆر سادەیە، کە بریتییە لە وەستاندنی خەرجکردنی مووچەی جێی پرسیار و مووچەی ئەو دامەزراوانە بدەن، کە هیچ کێشەیەکیان تێدا نییە، بۆئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەر و خانەنشین و چاودێری کۆمەڵایەتی بێبەش نەبن بۆ مەبەستی تەنیا سیاسی و ڕەگەزپەرستی”.

دووپاتی دەکاتەوە کە “ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی دەیکات پێشێلکردنی سەرجەم ئەو بڕیارانەیە، کە دادگای فیدراڵی دەریکردووە، کە مەرجی ناردنی مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن و پێشێلکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە”.

دەشڵێت، “ئەوەی باسی دەکەن سەبارەت بە بوونی ناوی وەهمی و ژمارەی دووبارە ئەگەر هەبن، سنووردارە بە بەراورد بەوەی، کە لە لیستەکانی حکومەتی فیدراڵیدا هەیە، كە زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەر و ناوی ئەمنی وەهمی هەیە لە عێراق، لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، دامەزراوەی ئەمنی و خانەنشینی، شەهیدان و ئەوانی تر”.

لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژی چوار شەممەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجامدرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرجەم وەزارەتەکان کرد هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی پتەوتر بکەن، نیگەرانی خۆیشی دەربڕی “کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی سەرەڕای جێبەجێکردنی هەموو پابەندبوونەکان بەشێوەی جیاكاری مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی عێراق.

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
پێشت ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە
هۆشداری لە ڕاگرتنی مووچەی توێژێک دەدرێت
دواتر هۆشداری لە ڕاگرتنی مووچەی توێژێک دەدرێت
پەیوەندیدار