بەگشتی کۆرپە پەرچەکردارێکی ڕیشەیی و سروشتی هەیە بۆ شتەکان، هەندێکجاریش ئەم پەرچەکردارە مژین و خستنە ناو دەمی پەنجە گەورەیانە، بەتایبەت کاتێک دایکەکە قەلەقی و نیگەرانی و دڵەڕاوکێی دەبێت، کۆرپە پەرچەکردار دەنوێنێت.
لەزۆربەی حاڵەتەکاندا کۆرپە لە هەفتەی دەیەمدا پەنجە گەورەی خۆی دەمژێت، لەم تەمەنەشدا هێشتا مێشک گەشەی نەکردوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە بەشێوەیەکی سروشتی ئەم کارە دەکات و ئەم کارەش وەک ڕاگرتنی هاوسەنگیی و هەستکردن بە ئارامی ئەنجام دەدات.
هەندێک لەو منداڵانەی خووی مژینی پەنجە گەورەیان هەیە، لە ماوەی نێوان (٦ بۆ ٧) مانگی دوای لە دایکبوون، واز لەم خوە دەهێنن، زۆرێکی دیکەشیان لەنێوان تەمەنی (٢ بۆ ٤) ساڵیدا و هەندێک لە منداڵانیش تەنانەت دوای تەرککردنی ئەم خوەش، دەگەڕێنەوە سەری بەتایبەت لەکاتی سترێسدا.
مژینی پەنجە گەورە چ گرفتێک دروستدەکات؟
مژینی چەنجەی گەورە لەلایەن منداڵانەوە زۆر جێگەی نیگەرانی نییە، تا ددانی هەمیشەیی منداڵ دێتە دەرەوە، لەم کاتەدا مژینی پەنجە گەورە ڕەنگە کاریگەری دروستبکات لەسەر سەقفی دەم، یان چۆنیەتی ڕیزبوونی ددانەکان، مەترسی تووشبوون بە کێشەی ددان پەیوەستە بەوەی منداڵەکەت چەندجار، چەند کات و چەند بە چڕی پەنجە گەورەی دەمژێت.
چۆن منداڵەکەت هاندەدەیت ئەم خووە تەرک بکات؟
هەندێک لە شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن، کە پێش تەمەنی (٣) ساڵی چارەسەری ڕەفتاری مژینی پەنجە گەورە بکرێت، بەڵام ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکی منداڵان دەڵێت: تەمەنی پێنج ساڵی گونجاوە بۆ ئەم کارە.
هەندێک رێگە هەن بۆ هاندانی منداڵەکەت لەوانە:
– هەوڵبدە لەگەڵ منداڵەکەت دابنیشە و زیانەکانی بۆ ڕوون بکەرەوە.
– هەندێکجار منداڵەکەت بۆ سەرنجڕاکیشان زیاتر ئەم کارە دەکات و گوێت پێنادات، ڕەنگە فشارنەخستنەسەری و گوێ پێنەدانی ببێت بە هۆکاری وازهێنان.
– دەتوانیت لەپای وازهێنان لەم کارە پاداشتی بکەیت، یان شەوانە پێش خەوتن چیرۆکی زیادەی بۆ بخوێنەرەوە، یاخود دەتوانی لەپێش خەوتن کاتی بۆ دیاری بکەیت و دووریبخەیتەوە لەم ڕەفتارە.