لە هەریەكە لە دهۆك و كەركوك پارەی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ئاب (8) دیاری كرا و بڕیارە سبەینێ لە سلێمانی و هولێریش نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ڕابگەیەنرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای دهۆك، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك بە ئامادەبوونی د. نەوزاد عەبدوڵا، بەرپرسی لقی یەك-ی پارتی لە دهۆك و قایمقامی دهۆك، لەگەڵ لیژنەی مۆلیدەكان لە پارێزگاكە كۆبووەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی بەرنامەی كاركردنی مۆلیدەكانی كارەبا و كاتژمێرەكانی كاركردنیان كرا، لەگەڵ ئەو كێشە و گرفتانەی دێنە بەردەمیان، لەگەڵ بەهای هەر ئەمپێرێكی كارەبا.
ئاشكراشی كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا “بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان”، بریاردرا بەهای هەر ئەمپێرێكی كارەبا بۆ مانگی ئاب، كە بە 17 هەزار و 500 دینار دەستنیشانكرابوو، كەمبكرێتەوە بۆ 16 هەزار و 500 دینار.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە شەوی ڕابردوو، ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك ڕایگەیاند، نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدەیان لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان و ڕەچاوكردنی دۆخی گوزەرانیان كەم كردۆتەوە و هەر ئەمپێرێك بەپێی ناوچەكان لەنێوان 6 بۆ 8 هەزار دینار دەبێت.
ڕاشیگەیاند، كاری زیاتر لەسەر نرخی مۆلیدە دەكەن، بەجۆرێك دۆخی هاووڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت.