بەهۆی دواکەوتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا شەش بەرپرس لەکارەکانیان دووردەخرێنەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستپێدەکات.
لیژنەى لێکۆڵینەوەى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى عێراق داوای دوورخستنەوەی شەش بەرپرسی کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسمانی عێراق دەکەن، ئەمەش بۆ بۆ گرەنتیکردنى پاکى لێکۆڵینەوەکان و کاریگەریى دروستنەکردن لەسەر رێڕەوى لێکۆڵینەوەکان .
لە نووسراوێکدا کە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی دواکەوتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە رۆژى 31ـى 8ـى 2024، نووسراوێکیان بۆ نووسینگەى وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن ناردووە داوای دوورخستنەوەی شەش بەرپرس دەکەن، تاوەکو کۆتایى هاتنى لێکۆڵینەوەکان کە ماوەکەى لە 60 رۆژ تێناپەڕێت.
بەگوێرەى نووسراوەکە، ژمارەی بەرپرسە دوورخراوەکان 6 کەسن و یەکێک لەوانەش مەناف عەبدول مونعم، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسمانیى عێراقە بە وەکالەت.
بەپێی نووسراوەکە، بەڕێوەبەرانى بەشەکانى( بازرگانى، کارگێڕی فڕۆکەوانى، هونەرى، بەرپرسى ئیدارەدانى بازرگانى/ بەشى بازرگانى و بەرپرسى ئیدارەدانى جوڵەى فڕۆکەوانى/ بەشى جوڵەى فڕۆکەوانى” بۆ هەمان مەبەست لەکارەکانیان لاببرێن.
هاوکات وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى عێراق رەزامەندیداوە بە لەسەرکارلابردنى ئەو بەرپرسانە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان دێت.