لاڤرۆڤ: كوردەكان بە متمانەیان بە ئەمریكا چارەنووسی ئەفغانیەكانیان دەبێت



وەزیری دەرەوەی ڕوسیا هۆشداری بە كوردانی ڕۆژئاوا دەدات، كە بەهۆی متمانەیان بە واشنتۆن هەمان چارەنووسی ئەفغانییەكانیان دەبێت و دەشڵێت: هیوادارم هاوبەشە کوردەکانمان لە ئەزموونی مێژوویی فێربن و بگەڕێنەوە بۆ ڕێگای گفتوگۆی نیشتمانی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی (RT) وڵاتەكەی ڕایگەیاندووە، ئەمریکییەکان ناوچەیەکیان لە دەوروبەری شارۆچکەی ئەلتەنف دروست کرد، کە تیرەکەی 55 کم بوو، بوونی خۆیان لەوێ وەک چاودێر و وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە بەردەم تەشەنەکردنی نفوزی داعش ڕاگەیاند، بەڵام بێگومان ئەمریکییەکان هیچ ئامانجێکیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەدەست نەهێنا، بەڵكو ئەوان هەوڵی دامەزراندنی قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەتی دەدەن.

ڕاشیگەیاندووە، بە پێچەوانەی باقی ناوچەکانی سوریا، کە ملکەچی دەسەڵاتە شەرعیەکانن و سزای توندی هەیە، لەنێویاندا یاسای ناسراو بە “قەیسەر” بەڵام ئەو ناوچانەی، کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە پارێزراون، ئەم سزایانە جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو زیاتر پارەی لێ‌ بەدەست دەهێنن و ئەم ناوچانە لەسەر دەوڵەمەندترین کێڵگە نەوتی و گازییەکان و بەپیتترین زەوییە کشتوکاڵییەکان هەڵکەوتوون، کە زۆر ئیستغلال دەکرێن، بەو پێیەی نەوت و گاز و دانەوێڵە هەناردە دەکرێت لەلایەن ئەمریکییەکان و شوێنکەوتووەکانیان و ناگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەتی سوریا، بەڵکو بۆ هاندانی کردەوەی جیابوونەوە و دامەزراندنی قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەتی بەکاردەهێنرێن.

لاڤرۆڤ دەڵێت: بەداخەوە ئەمریکییەکان، کوردەکانیان ڕاکێشاوە بۆ ناو یارییەکەیان، هەوڵی گرەوکردنیان لەسەر دەدەن. پێکدادان لە نێوان پێکهاتە کوردەکان و هۆزە عەرەبەکان، کە سەدان ساڵە لەم خاکانەدا ژیاون ڕوویداوە و ئەمریکییەکان ئێستا دەیانەوێت دەست بەسەر بەشێک لەم خاکانەدا بگرن بۆ ئەوەی پڕۆژەی کیانێکی نیمچە دەوڵەتی خۆیان دروست بکەن.

ئاشكراشی كردووە، کورد دەبێت درک بەوە بکات، کە داهاتووی ئەوان هەمیشە لە چوارچێوەی یەکێتی سوریادا دەبێت و پشت بە ئەمریکییەکان نەبەستن کە ڕزگاریان بکەن، بەڵکو دەبێت بەرەو دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا هەنگاو بنێن، دەبێت لەسەر ئەو مافانە ڕێکبکەون، کە شایەنی خۆیانە وەک کەمینەیەکی نیشتمانی.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەداوە، که پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ کورددا هەبووه، بەڵام ئەمریکییەکان پووچەڵیان کردەوه و وتی، “دیالۆگێک هەبوو و ئێمه بەشداریمان تێدا کرد، بەڵام ئەمریکییەکان کوردیان قەناعەت پێ‌ کرد، که پەڕەسەندنی له ڕووبەڕووبوونەوه لەگەڵ حکومەتدا باشترین بژاردەیه له جیاتی ئەوه لە هاوکاریکردنیان لەگەڵیان”.

لاڤرۆڤ چارەنووسی ئەو سەرکردانەی ئەفغانستانی وەبیرهێنایەوە، کە متمانەیان بە ئەمریکییەکان هەبوو، بەڵام بێهیوایان کردن، کوردەکانیشی لە هەمان سیناریۆ ئاگادارکردەوە و وتی، “ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ کورد و لەگەڵ هەموو کەسێک، چارەنووسی سەرکردایەتی ئەفغانستانیشیان بیردەخەینەوە، كە بڕیاریاندا پشت بە بەڵێنەکانی ئەمریکا ببەستن بەبێ ئەوەی پشت بە گەلەکەی یان دیالۆگی نیشتمانی ببەستن لە یەک شەودا لە کۆتاییدا بە تەنیا جێیان هێشتن”.

لاڤرۆڤ جەختیشی كردەوە، “هیوادارم هاوبەشە کوردەکانمان لە ئەزموونی مێژوویی فێربن و بگەڕێنەوە بۆ ڕێگای گفتوگۆی نیشتمانی، ڕێککەوتن لەسەر مەرجەکانی ژیانیان لەناو دەوڵەتی یەکگرتووی سوریا لەگەڵ دیمەشق بكەن”.

لە ناوچەیەكی دیكەی هەرێم تووشبوون بە كۆلێرا ڕاگەیەنرا
پێشت لە ناوچەیەكی دیكەی هەرێم تووشبوون بە كۆلێرا ڕاگەیەنرا
عێڕاق بڕیار لەسەر پێدانی شایسەتی جوتیارانی هەرێم دەدات
دواتر عێڕاق بڕیار لەسەر پێدانی شایسەتی جوتیارانی هەرێم دەدات
پەیوەندیدار