وەزیری بازرگانی عێراق لەبارەی دابەشکردنی شایستەی جوتیارانی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت”هەرکات دارایی پارەی تەرخانکرد دابەشی دەکەین”.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەسیر داود غەریری وەزیری بازرگانی عیراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی جوتیارانی هەرێم ڕایگەیاندووە، هەركاتێك وەزارەتی دارایی پارە تەرخان بكات پابەندین بە خەرجكردنی شایستەكانی جووتیاران، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەردەوام كاردەكەین لەسەر پشتیوانیكردنی تەواوی جووتیاران و بەدیهێنانی دادپەروەری.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی ئەمساڵ شەش ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، ئەو بڕەی وەرگیراوە لەوەی پلانی بۆ دانرابوو زیاترە بووە.
وەزیری بازرگانی جەختیشیکردۆتەوە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان جوتیارانی هەرێم و ناوچەکانی تری عێراق ناکەین، هەوڵدەدەین بە دادپەروەری و بەپێی بەشێ خۆیان سەرجەم ئەو پێویستی و شایستانەی بڕیاری لێدراوە بۆیان دابینبکەین، و لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لەهەوڵی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتین.