“هەرێم پەیوەندی شایستەی لەگەڵ توركیا هەیە”



پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هەرێمی كوردستان لە پەیوەندی شایستەدا بووە لەگەڵ توركیا و سەرجەم نێرده بازرگانی و دیپلۆماتییە‌كانیان لە عێراق.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێك كە لە پارێزگای هەولێرەوە بڵاوكراوەتەوە، دوێنێ‌ چوارشەممە ٤ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لە دیوانی پارێزگا پێشوازیی لە كۆنسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر، مەمەد مەولوود یاقووت و جێگری كۆنسوڵ و پاشكۆی بازرگانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر كردووە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە دیدارەكەدا پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كۆنسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر و ستافه نوێیە‌كەی كردووە و جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە “بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو هەرێمی كوردستان لە پەیوەندی شایستەدا بووە لەگەڵ توركیا و سەرجەم نێرده بازرگانی و دیپلۆماتییە‌كانیان لە عێراق”.

پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕایگەیاندووە: “بە دڵنیاییەوە ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ ستافی نوێی كۆنسوڵخانەی توركیا له ‌هەولێر باشتر دەبێت و ئاستی دیپلۆماتی و بازرگانی و وەبەرهێنان بەیەكەوە پتەوتر دەكەین” .

كۆنسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر، مەمەد مەولوود یاقووت سوپاسی پارێزگاری هەولێری كردووە بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و جەختی لە توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و هەولێر بەتایبەتی بۆ پارێزگار كردەوە.

هاوكات مەمەد مەولوود یاقووت بە وردەكارییەوە باسی لە ئەجێندای كاری خۆیان كردووە لەوەی زیاتر گرنگی و بایەخ بە پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنان و كولتوورییە گشتییەكان دەدەن.

لەتەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كردنەوەی دەروازەی نوێ لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و بەستنەوەی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە بە ئەورووپاوە كراوە و هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی ئەو پرسە بەرەو پێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

هەروەها لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە ئەوە دووپاتكرایەوە، كە “كۆمپانیا توركییەكان لە مەیدانی بازرگانی و وەبەرهێناندا لە چاو كۆمپانیاكانی دیكەی جیهانی پێشەنگایەتیان گرتووە و كاری خۆیان ئەنجام دەدەن”.

تەرمی ئەڤین گۆیی بەرەو قەندیل بەڕێدەكرێت
پێت تەرمی ئەڤین گۆیی بەرەو قەندیل بەڕێدەكرێت
تەرمی ئەڤین گۆیی گەیشتە سلێمانی
دوات تەرمی ئەڤین گۆیی گەیشتە سلێمانی
پەیوەنیدر