کەسانی باڵا بەرز زیاتر تووشی شێرپەنجە دەبن



چەند توێژینەوەیەکی زانستی زیادبوونی ئەگەرەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە باس دەکەن لە کەسانی باڵا بەرز و ئاماژە بەوەشدەکەن، دەکرێت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی مەترسییەکان کەمتر بکرێنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە پشتبەستن بە چەند بەڵگەیەک سندوقی جیهانی توێژینەوەی شێرپەنجە بڵاویکردووەتەوە، کەسانی باڵابەرز مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.

بەپێی ئەو سندوقە، کەسانی باڵابەرز ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پەنکریاس، ڕیخۆڵە گەورە، منداڵدان (ئەندۆمیتریام)، هێلکەدان، پرۆستات، گورچیلە، پێست (میلانۆما)، و مەمک (پێش و دوای وەستانی سوڕی مانگانە) زیاترە.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، شێرپەنجە هۆکارێکی سەرەکی مردنە لە سەرانسەری جیهاندا و لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، واتە نزیکەی یەک لە هەر ٦ حاڵەتێکی مردن.

توێژینەوە بەریتانیاییەک ئاشکرای کردووە، ١٥ لە کۆی ١٧ شێرپەنجە کە پشکنینیان بۆ کراوە دەرکەوتووە، کەسەکە تا باڵا بەرزتر بێت، ئەگەری تووشبوونی زیاترە، واتە هەر دە سانتیمەتر بەرزبوونەوەی باڵا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بە ڕێژەی نزیکەی ١٦٪ زیاد دەکات.

توێژینەوەیەکی تر دەریخستووە، لە کۆی ٢٣ حاڵەتی شێرپەنجە ٢٢ حاڵەتی شێرپەنجە زیاتر لە کەسانی باڵا بەرزتردا ڕوودەدات بە بەراورد بە کەسانی باڵا کورت.

بەپێی ماڵپەڕی “ساينس ئەلێرت”، هۆکارێکی بایۆلۆژی هەیە بۆ پەیوەندی نێوان شێرپەنجە و باڵا، بەهۆی ئەوەی لە کەسانی باڵا بەرز خانەی زیاتر هەن.

تا زیاتر خانە دابەش ببێت، ئەگەری تێکچوونی بۆماوەیی زیاتر دەبێت کە بگوازرێتەوە بۆ خانە نوێیەکان و تا زیاتر زیانەکان کۆببنەوە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاتر دەبێت.

بۆیە کەسێک کە خانەکان لە جەستەیدا زیاتر بێت، دابەشبوونی خانەکانی زیاتر دەبێت و بەو هۆیەوە ئەگەری پەرەسەندنی شێرپەنجە لە یەکێکیان زیاتر دەبێت.

هۆکارێکی دیکە پەیوەندی هەیە بە هۆڕمۆنی گەشە (IGF-1) کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.

باڵا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بە ڕێژەیەکی “زۆر کەم” زیاد دەکات، هەروەها چەند شتێک هەیە کە دەتوانیت بیکەیت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە.

پێویستە ژەمی تەندروست بخۆیت، وەرزشی بەردەوام بکەیت، کێشی تەندروست بپارێزیت، ئاگاداری زیانەکانی تیشکی بیت، خواردنەوەی کحول سنووردار بکەیت و جگەرە نەکێشیت.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ئێستادا دەتوانرێت ڕێگری لە  ٣٠ بۆ ٥٠٪ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە بکرێت بە دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی مەترسیداری نەخۆشییەکە و جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی خۆپاراستن.

هەروەها دەتوانیت بەشداری بکەیت لە پرۆگرامەکانی پشکنینی شێرپەنجە کە یارمەتی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک و ملی ڕەحم و ڕیخۆڵە دەدەن بۆ ئەوەی بتوانرێت بە سەرکەوتوویی چارەسەر بکرێت.

ئەگەری چاکبوونەوە لە زۆر جۆری شێرپەنجە زیاد دەکات ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێن و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.

هاووڵاتییەکی خەڵکی دهۆک لە ئیستانبوڵ کوژرا
پێت هاووڵاتییەکی خەڵکی دهۆک لە ئیستانبوڵ کوژرا
سبەی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ دەکات
دوات سبەی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ دەکات
پەیوەندیدار