یەکەم بارانی پاییزەی ئەمساڵ هەرێم دەگرێتەوە



وەرزی پاییز لە نیوەگۆی باكووری زەوی و لەنێویشیدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: هەفتەی داهاتوو ئەگەری بارینی یەكەم بارانی ئەمساڵ هەیە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی 1ی ئەیلوول(9) پاییزی کەشناسی لەنیوە گۆی باکوری زەوی دەستپێدەکات، کە لە ڕووانگە فەلەکیەکەوە وەرزی پاییز لە 21/9 دەستپێدەکات و لەوکاتەوە بەگشتی کەش و ھەوا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ماڵئاوایی لە وەرزی ھاوین دەکرێت.

وتیشی، “سەبارەت بە پلەکانی گەرما بەدرێژایی ئەم ھەفتەیە لە کاتەکانی ڕۆژدا لە ئاستێکی جێگیردا ئەمێنێتەوە، بەڵام لەشەواندا کەمێک نزمتر ئەبێتەوە بەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی پێشبینیەکان ھەفتەی داھاتوو لەنێوان 7 بۆ 10ی ئەیلوول(9) ئەگەری یەکەم بارانی ئەمساڵ ھەیە بۆ سەر ناوچەکانمان، کە ئەویش لە ئەنجامی دروستبوونی نزمە پاڵەپەستۆیەکە لەسەر دەریای ناوەراست و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەش و ھەوای وڵاتانی شام و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەبێت.

ڕوونیشی كردەوە، جوڵەکردنی بارستە ھەوایەکی شێدار لە دەریای سوورەوە بۆ سەر بەرگەھەوای ناوچەکە ئەمەش ئەبێتە ھۆی دروستبوونی حاڵەتێکی ناجێگیری کەش، کە لەو ماوەیەدا ناوبەناو ئەبێتە ھۆی چالاکبوونی ھەورە بروسکە و بارانی پچڕ پچڕی پاییزەیی لە شوێن و کاتی جیاجیادا و نزمبوونەوەیەکی کەمیش لە پلەی گەرمی .

مامۆستایانی ئایینی خۆبەش داوای دامەزراندن دەکەن
پێشت مامۆستایانی ئایینی خۆبەش داوای دامەزراندن دەکەن
تەیف سامی بۆ مووچەی خانەنشینانی هەرێم دوابڕیاری دا
دواتر تەیف سامی بۆ مووچەی خانەنشینانی هەرێم دوابڕیاری دا
پەیوەندیدار