ئەمڕۆ شەممە (31ی 8ی 2024)، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕەزامەندی وەزیری دارایی عێراقی ئاشکراکرد، بۆ خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، بۆ ئەوەی یەکسان بن لەگەڵ هاوتاکانیان لە تەواوی پارێزگاکان و بەڕێوەبەری ژمێریاری خانەنشینی سلێمانی وردەكاری زیادكردنی مووچەی خانەنشینان ئاشكرادەكات.
ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، “تائیف سامی، وەزیری دارایی فیدڕاڵی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز، بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق و یەکسان كردنی لەگەڵ هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “وەزارەتی دارایی فیدراڵی، حکومەتی هەرێم ئاگادارکردۆتەوە، کە دەبێت ئەو کەمی موچەیە بدات و مووچەی خانەنشینان ڕادەستی خانەنشینان بکات بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق، بەمەرجێک ئەو بڕە پارەیەی لە حکومەتی کوردستان خەرجکراوە قەرەبوو بکرێتەوە و هەروەها حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە جیاوازی خانەنشینی بنێرێت بۆ حکومەتی فیدڕاڵی”.
ڕۆژی چوار شەممە (3ی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی ڕاپۆرتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری کرد بۆ یەکخستنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ کە لە بەغدا کاری پێدەکرێت، کە جێگەی یاسای ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی گرتەوە.
بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و پێشنیاری تیمی وردبینی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم، پێویستە هەرێمی کوردستانیش وەک باقی هەرێمەکانی عێراق کار بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 بکات بۆ بەدیهێنانی یەکسانی لە مووچەدا، ئیمتیازات، و شایستە داراییەکان بۆ سەرجەم خانەنشینان لە هەرێم، کە ژمارەیان 277,541 کەسە، بە کۆی گشتی 277,541 کەس کۆی گشتی خەرجی مانگانە بۆ مووچەکانیان 122 ملیار دینارە.
ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی پەسەند کرد سەبارەت بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم، و یەکسانکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە فیدراڵیدا حکومەت.
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی و ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاڕاستە کرد، کە ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەوبارەیەوە بکەن لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام دەبێت لە ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤.
بەپێی یاسا نوێیەكەی خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، كەمترین مووچە، كە ئێستتا لە هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینێك، كە 200 بۆ 220 هەزار دینارە دەبێتە 500 هەزار لەگەڵ بڕی 100 هەزار دینار دەرماڵەی بژێوی، واتە كەمترین مووچە دەبێتە 600 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانەی خۆیان لە ژیاندا ماون و بۆ ئەوانەش، كە وەرەسەكانیان مووچەكەیان وەردەگرن بڕەكەی جیاواز دەبێت.
لای خۆشیەوە، سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینان ڕایگەیاند، لە مانگی تەمووزەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکراوی دابەش دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەمڕۆ وەزارتی دارایی بە گەنجینەکانی ڕاگەیاندووە کە لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی ئامادەبکەن و هیوای خواست کە بە کرداریش جێبەجێ بکرێت.
بە گشتی لە هەرێمی كوردستان نزیکەی 248 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستاندا هەیە لەو ژمارەیەش 158 هەزاریان خانەنشینی مەدەنین و ئەوەی دیکەشی خانەنشینی سەربازین.
بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، هەر فەرمانبەرێك لەكاتی خانەنشین بوونی بڕی 12 مووچەی تەواوەتی بە دەرماڵەكانەوە پێ دەدرێت و كەمترین مووچەی خانەنشینین 500 هەزار دینارە لەگەڵ 100 هەزار دیناری بژێوی لەكاتێكدا لە هەرێم 6 مووچەی بنەڕەتی دەدرێت بە فەرمانبەر و كەمترین مووچەش 220 هەزار دینارە.
هاوكات، سارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ژمێریاری خانەنشینی سلێمانی ڕایگەیاند، هەر خانەنشینێك پێش ساڵی 2014 خانەنشین بووبێت مووچەكەی دەبێت بە 500 هەزار دینار، بەڵام ئەوانەی دوای 1ی 1ی 2024 خانەنشین بوون بەپێی ساڵی خزمەت و بڕوانامە مووچەیان دیاری دەكرێت و پیاچوونەوە بە دۆسیەكەیان دەكرێت و بەوەش مووچەیان سەرووی 500 هەزار دەبێت.
ئاشكراشی كرد، ئەو خانەنشینانەی مووچەیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە لە عێراق بڕی 100 هەزار دینار دەرماڵەی بژێوییان بۆ زیاد كردوون، بۆیە هەر خانەنشینێك لە هەرێم مووچەكەی لە ملیۆنێك كەمتر بێت ئەو 100 هەزارەیان بۆ زیاد دەكرێت.
بەڕێوەبەری ژمێریاری خانەنشینی سلێمانی نمونەی ئەوەی هێنایەوە، كە “ئەگەر كەسێك مووچەكەی ببێت بە 500 هەزار بەپێی هاوتای مووچەی لەگەڵ عێراق، ئەوا 100 هەزاری تری بۆ دەخرێتە سەری و دەبێت بە 600 هەزار ئەگەر خۆی لەژیاندا مابێت، بەڵام ئەگەر خۆی كۆچی دوایی كردبێت و یەك وارسی هەبێت دەبێت بە 320 هەزار و ئەگەر دوو وارسی هەبێت دەبێت بە 360 هەزار دینار.