وەزارەتی بازرگانی تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی بۆ کردنەوەی پێنج سەنتەری نوێی بازاڕکردن “هەفتەبازاڕ- ئۆرزدی باك” لە بەغدا ڕاگەیاند، کە بەپێی سیستەمی هایپەرمارکێت کاردەکەن و باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکەن بە نرخێکی 20% كەمتر لە نرخی بازاڕ.
محەمەد حەنون، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاندووە، بیرۆکەی دامەزراندنی سەنتەری بازرگانی هەنگاوێکی ستراتیژییە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کێبڕکێی نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی و بەشدارە لە دروستکردنی کەشێکی بازرگانی هاوسەنگ، کە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەكات.
جەختیشی كردۆتەوە، بەهۆی ئەو هەفتە بازاڕانەوە بازرگانان و هاوردەکاران بیر لە نرخەکان دەكەنەوە، بەو جۆرەی، كە بەدیلێک هەیە، کە حکومەت پشتگیری دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەفتە بازاڕانەی بەم نزیکانە دەکرێنەوە بریتین لە “سەنتەری بازرگانی لە ئەلدەباش، ڕوسافە، کۆمەڵگەی ئیمام عەلی لە ناوچەی جەمیلە”، كە سەر بە کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراکن، هەروەها بازاڕەکانی “گەڕەکی ئەلعامل و ئەلسەلحیە” دەکرێنەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی بازرگانی عێراق، حەنون وتویەتی: “پلانی داهاتووی وەزارەتەکە بریتییە لە فراوانکردنی دروستکردنی سەنتەری بازرگانی (هایپەر مارکێت) لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، هەروەها ڕێکاری تەکنیکی و کارگێڕی بەردەوام هەیە بۆ دروستکردنی سەنتەری نوێ بە هەمان شێوەی دروستکردنی سەنتەری بازرگانی لە بەغدا”.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەو سەنتەرانە کاردەکەن بۆ دابینکردنی هەموو ئەو شتانەی، کە هاووڵاتی عێراقی پێویستی پێیەتی، لەوانەش “کەلوپەلی خۆراک، کەلوپەلی بیناسازی و پێداویستییەکانی دیکە” ئەمە جگە لە دابینکردنی کەرەستە بە نرخێکی پاڵپشتیکراو، کەرەستەی دیکەش بە قیستی گونجاو بە چینە گرنگەکانی کۆمەڵگا دەفرۆشرێن، لەنێویاندا ئەو خێزانانەی لە چاودێری كۆمەڵایەتی تۆماركراون، فەرمانبەران، بنەماڵەی شەهیدان، و ئەوانەی خاوەنی كی كارت-ن.