هەولێر خزمەتی دەوێت…!



عەبدوالحید محەمەد – مامۆستا

مێژوو ئەوەی سەلماندووە، هەولێر هەمیشە شارێکی زیندوو و ناوەندی بڕیاری چەندین دەسەڵاتی یەک لە دوای یەکی دەوروبەر و دەڤەرێکی بەرفراوان بووە، هەر ئەوەش وایکردووە بەردەوام جێ چاوی داگیرکەران و پاوانخوازانی دوور و نزیکی زەمان و زەمینی خۆی بووە.

بەڵام ئەوەی لەو شارە جەسورە بینراوە، هەمیشە سەری دانەواندووە و بەو پەڕی ئازایەتیەوە ڕووبەڕووی ئەو هێزانە بووەتەوە و نەیهێڵاوە پێیەکانیان خاکە پێرۆزەکەی و قەڵا سەربەرزەکەی گڵاوبکەن و درێژە بە داگیرکاریەکانیان بدەن، بە سەخاوەتەوەش قوربانی بێشوماریان بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزە بەخشیووە، بە شانازیەوەش ناوی ئەو کەسانەیان لە هزر و بیریان بە زیندوویی هێشتووەتەوە کە خزمەتی بێسنوری ئەم شارە خۆشەویستەیان کردووە.

ئەوەتا تا ئەم ساتە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا لە کۆڕ و مەجلیس و لە دووتوێی مێژووی هەولێریەکان باسی چەندین کەسایەتی دەکرێت، کە دەستییان لە ئاوەدانی و پێکەوە ژیان هەبووە، لەوانە سوڵتان مزەفەرەدین، مەلا فەندی، قازی ڕەشاد و دەیانیتر، لە بەرامبەردا بە ئەوپەڕی ڕقلێبوونەوە باسی ئەوانە دەکەن کە زەرەریان لەو شارە داوە، لەوانە مەغۆلەکان، عوسمانییەکان، بەعسییەکان و هەموو ئەوانی تر، قەناعەتی تەواویشم بەوە هەیە ئەم شارە هیچ ساتێکی مێژووی خۆی بیرنەچووە و لە بیری ناچێت، کە کێ سەرمەشقی ئاوەدانی و کێش هێمای وێرانکاری و جەزرەبەدانی بووە، هەرگیزیش گفتولوفتی بێ کرداری قبوڵنەکردووە و قبوڵیشی ناکات.

هەولێر خزمەتی دەوێت، چونکە خەڵکەکەی، مێژووەکەی، شوێن و پایەکەی، شایستەی هەموو جۆرە خزمەتێکە، ناشبێت کەس منەتیشی بەسەرەوە بکات، لەبەر ئەوەی هیچ نەماوە بۆ گەلی کوردستان نەیکات، دەبێت بە کردار تۆڵە و قەرەبووی ئەو هەموو قوربانییەی بۆ بکرێتەوە، لە ڕاستیشدا سەردەمی مۆنۆپۆل کردن بە زەبری هێز نەماوە، زەوتکردنی ئازادی و مافی کەسیش بەسەرچووە یان بدزرێت بە بیانوی جۆراجۆرەوە، خافڵاندنیش بۆ خزمەت نەکردن بە پاساوی بێ بنما ناچێتە گیرفانی هیچ کەسێکەوە.

مخابن ئەم شارە بێ خزمەتە، بەدەست کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێت کە سەرەتاییترین مافە دەبێ هەبێت و ناشبێت شاباشیشی پێوە لێ بدرێت، چونکە ئەرکە و دەبێت بکرێت، لەوانە، یەکەم، چۆن دەبێت شارێکی وا گەورە و مێژوویی و ستراتیجی، لە ژینگەیەکدا ژیانی تێدا بەڕێوەبچێت کە کەس لە خۆی ئەمین نەبێت.

نوسەر و ڕۆژنامەنوس شێرزاد شێخانی لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی هەولێریات دەڵێت، پێشتر لە دووری ٢٥ کیلۆمەتر قەڵاتی هەولێرێ دەبینرا، کەچی ئێستا لە فلکەی زەعیمی نابینرێت، ئەوەش لەبەر بوونی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە دەوروبەری کە هەموو ڕۆژێ بە سەدان تۆن دوکەڵ و ژەهر بەسەر ئەم شارە دادەکەن، کەمی ڕێژەی سەوزایی لە نێوشار، کە لە ٥بۆ ٦٪ تێپەڕناکات، لە پێشتێنەی سەوزاییش گەڕێ، کە هەر لە بنەڕەتەوە نییە، بە هەزاران موەلیدەی کارەبا لە ئەم شارەدا هەیە، بە شێوەیەک کەمترین مەرجی سەلامەتییان بەسەردا نەسەپێنراوە.

دووەم، ئەم هەولێرە لەنێوان دوو زێی گەورەدایە، کەچی لەبەر بێ ئاوی بەردەوام ناڵەی دێت، بە تایبەت گەڕەکە مللیەکان، بۆ بەدبەختی زستانانیش دەکەوێتە بەر هێرەی لافاو، ساڵ نییە زەرەر زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێنەکەوێتەوە.

سێیەم، دوای ٣٣ساڵ حکومڕانی خۆیی و بەردەست بوونی ئیمکانیاتی ماددی و هونەری زۆر، بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی دکتاتۆری، تا ئەم ساتە کارەبای نیشتمانی سەرە تاتکێ لەگەڵ خەڵکی هەژار و بێوەی ئەم شارە دەکات، کەچی بەردەوام گەڕەکە ئۆرۆستۆقراتەکان گڵۆپ و بلاجکتۆرەکانیان برجە برجی دێت و ئاوی لە چاوی گەڕەکە هەژار نشینەکان بڕیوە و ئازاری دەروونیش لەوێ ڕاوەستی.

ئیتر پێدا بڕۆ کەموکوڕییەکان ئەوەندە زۆرن هەژمار ناکرێن، عەرەب گۆتەنی( حدث ولا حرج) بۆیە لەگەڵ هەر کەسێک دەدوێی ناڕازیە و بە تۆن گلەیی هەیە، بەڕاستی هەولێر لە هەمووان تۆراوە و بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لە هەمووان دەڕوانێت، لە کەسیشی قبوڵ نییە لەسەر کاغەز(علی بیاض) خۆی بە خاوەنی هەولێر بزانی، هەمووش دەبێت ئاگاداری ئەوە بن، هەولێر نابێت لەوە زیاتر توڕە بکرێت دەنا ئاو و ئاگر تێکەڵ دەکات، هۆکارەکەش ئەوەیە، هەولێر خزمەتی دەوێت… خزمەت…!

جا ئەوەی دەیەوێت خاوەنی هەولێر بێت، با خزمەتی بکات، جیاوازی لە نێوان زۆنی هەولێرە دوبەی و خانوە قۆڕەکان نەهێڵێت، دەقیقەن گوفتار و کرداری دەیەوێت کە هەتا ئێستا نەیدیتیە.

 

“ئیسرائیل بە مەبەست کاروانێکی پرۆگرامی خۆراکی جیھانی کردووەتەوە ئامانج”
پێت “ئیسرائیل بە مەبەست کاروانێکی پرۆگرامی خۆراکی جیھانی کردووەتەوە ئامانج”
بەغدا بڕیاری لەسەر مووچەی مانگی حەوت دا
دوات بەغدا بڕیاری لەسەر مووچەی مانگی حەوت دا
پەیوەندیدار