شوێنەوارناسان هۆشداری دەدەن لە لاربوونەوەی منارەی چۆلی



منارەی چۆلی یان منارەی مزەفەرییە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری ھەولێر و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری و تەمەنی ٨٠٠ ساڵ دەبێت، پێشبینی دەکرێت ئەم منارەیە پاشکۆی مزگەوتێکی گەورە بێت کە لەو سەردەمەدا دروستکراوە.

ماوەی چەند ساڵێکە دەنگۆی لاربوونەوەی منارەی چۆلی ھەیە، شوێنەوارناسانیش ئاماژە بە لاربوونەوەی منارەکە دەکەن و جەختیش لەوە دەکەنەوە، کە ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕێگای کۆمپانیایەکی بیانییەوە ڕێگریی لە زیاتر لاربوونەوەی منارەکە کراوە، هەروەها بوونی پاڕکێکی گەورە و دوو شەقامی دەوری منارەکەش بە مەترسی دەزانن لەسەر داھاتووی منارەی چۆلی.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێم، ئاماژە بەوە دەکات، کە ١٤ ساڵ لەمەوبەر لەمیانی نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی لەلایەن کۆمپانیایەکی چیکییەوە، لاربوونەوەیەک لە بەشی سەرەوەی منارەکە بەدیکرا.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێم، دکتۆر کەیفی مستەفا عەلی لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە، پێش ساڵی ٢٠١٠، منارەی چۆلی لەلایەن کۆمپانیاییەکی چیکی نۆژەنکرایەوە، ئەوکاتە ئاماژە بەوەکرا کە منارەکە لاربووەتەوە، بەم دواییەش ڕاپۆڕتێک بە ئێمە گەیشت لەمبارەیەوە، بۆیە لیژنەیەک لە پسپۆڕان پێکهێنران بۆ ئەوەی سەردانی منارەی چۆلی بکەن.

دکتۆر کەیفی مستەفا عەلی ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر چەند خاڵێک دانرابوو بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم منارەیە لاربوونەوەکەی زیاد دەکات یان هەروەک خۆی دەمێنێتەوە، هەروەها پێشتر چەند خاڵێکی لاوازیش دیاریکرابوو بۆ ئەوەی ئەم بابەتانە چارەسەر بکرێت، چونکە منارەکە لەناو پاڕکێکە و بابەتی ئاودان لەم پاڕکە هەیە ئەمەش کاریگەری لەسەر منارەکە دەبێت.

وتیشی، هەرچەندە دەوروبەری ئەم منارەیە بە خشت و کەرپووچ داپۆشراوە بۆ ئەوەی ئاو نەچێتە ژێر منارەکە، هەروەها خاڵێکی دیکە هەیە کە کاریگەری دەبێت ئەویش ڕێگا و شەقامەکانی تەنیشت پاڕکەکەیە لە دەوروبەری منارە، بە تایبەت کە ئۆتۆمبێلی گەورە و بارهەڵگریی پیادا تێپەڕدەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی لەرینەوەی منارەکە، هەرچەندە ئەمەش تا ڕادەیەک چارەسەر کراوە بەڵام چارەسەرەکان بنەڕەتی نین.

لەبارەی کاری لیژنەکەشەوە، دکتۆر کەیفی مستەفا عەلی ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی بەدواداچوونەکان منارەکە زیاتر لار نەبووەتەوە، بەڵام بەردەوامیش بەدواداچوونی بۆ دەکەین لە ڕێگای پسپۆڕانی بواری شوێنەوار، بەڵام بە گشتی بوونی شەقام و پاڕکێک لە چواردەوری منارەکە کاریگەری خراپی هەیە، چونکە بەپێی ئەو تاقیکردنەوانەی هەیە، خاکی ژێرەوەی منارەکە زۆر ئاوگرە و ئەمەش کاریگەری دەبێت، ئەم منارەیەش کێشێکی دیارییکراوی هەیە و بێگومان ئەگەر ئەم ئاوە بەردەوام بێت لەسەری ئەوا کاریگەریی دەبێت، هەرچەندە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاوەکە دوورخراوەتەوە.

دکتۆر کەیفی مستەفا عەلی وتیشی، پێویستە جارێکی دیکە هەندێک چاڵی تاقیکاری لێ بدرێت بۆ ئەوەی بزانین ئەو ئاوەی کە دارەکانی پاڕکەکەی پێ ئاو دەدرێت، ئەوا ئاوەکە دەچێتە ژێر منارەکە یان نا، ئەوکاتە دەتوانین هەنگاوی دیکە بهاوێژین.

هاوکات شوێنەوارناسێک ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارە مرۆییەکان و هۆکارە سرووشتییەکان کاریگەرییان لەسەر لاربوونەوەی منارەکە هەیە، بە شەقام و باخچەکانی نزیک لەو شوێنە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر داهاتووی منارەی چۆلی.

شوێنەوارناس دکتۆر جەمال جەمیل ئەحمەد لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی منارەی چۆلی تەمەنی زیاتر لە ٨٠٠ ساڵە ئەوا پێویستی بە چاودێری بەردەوام هەیە، بۆیەش ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک توێژینەوەمان بۆ منارەی چۆلی دەکرد، دەرکەوت کە بەشی سەرەوەی منارەکە لاربووەتەوە، بۆیە کۆمپانیایەکی چیکی هات و هەڵساین بە کارکردن تیاییدا بۆ پاراستنی منارەکە، لەوکاتەوە پارێزگاری لێ دەکرێت تا ئێستا، پێویستە بەدواداچوون و چاودێریی بۆ بکرێت، تا دڵنیابینەوە کە منارەکە زیاتر لار بووەتەوە یان نا.

لەبارەی هۆکارەکانی لاربوونەوەی منارەی چۆلی، شوێنەوارناس دکتۆر جەمال جەمیل ئەحمەد وتی، هۆکارە مرۆییەکان و سرووشتییەکان کاریگەری تەواویان لەسەر لاربوونەوەی منارەی چۆلی هەیە، هۆکارە سرووشتییەکان وەک بوومەلەرزە، با، باران و جۆرەکانی کەش بە گشتی کاریگەرییان لەسەر منارەکە هەیە، هەروەها هۆکارە مرۆییەکان وەک بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل بە تەنیشت منارەکەدا هاتوچۆ دەکەن کاریگەری هەیە.

دکتۆر جەمال جەمیل ئەحمەد وتیشی، پێویستە زەوییەکەی ژێر منارەکە تەواو بەهێزبکرێت بۆ ئەوەی زیاتر ڕۆنەچێت چونکە زەوییەکە پێکهاتەکەی ئاوگرە، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر منارەکە هەیە، بۆیە لە ڕێگای پێشگیرانێک دەتوانین ئاوخواردنەکەی ڕابگرین، هەروەها بوونی ئەو شەقامەی لە نزیک منارەکەیە، ئەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر منارەکە هەیە، ئەگەر ئەو ڕێکارانە نەگیرێتەبەر ئەوا لە داهاتوودا ڕەنگە ببێتە هۆی لەناوچوونی بەشێکی مێژووی شارەکە”.

منارەی چۆلی بەرزییەکەی ٣٧ مەترە و لە دوو بەش پێکھاتووە، بەشی خوارەوەی منارەکە بەشێوەی هەشتگۆشەیی لەسەر درێژی ١٥ مەتر دروستکراوە بەشی سەرەوەشی لە ٢٢ مەتر پێکدێت.

منارەکە دوو دەرگای ھەیە بۆ سەرکەوتن دەرگایەک ڕوو بە ڕۆژهەڵات و دەرگایەک ڕوو بە ڕۆژئاوایە، چوونە ژوورەوە و سەرکەوتن بۆ سەرەوەی منارەکە بەشێوازێکی ئەندازیاری پێچاوپێچ دروستکراوە بە جۆرێک پلیکانەکانی ھەردوو ڕێگا یەکتر نابینن تا دەگەنە سەرەوەی منارەکە.

ڕووی دەرەوەی منارەکە چەندین نەخشی جۆراوجۆری لەسەر ھەڵچنراوە، ھەروەھا لە لوولەی منارەکە دوو پشتێنەی بە نەخش دروستکراو ھەیە، پشتێنەی سەرەوە بەشێوەی نەخش و دیزانێکی ئاوێنەیی کە لە سەرەوە و لە خوارەوە دەخوێندرێتەوە و، بەشێوەی بازنەیی نوسراوە محمد وەک ئاماژەیەک بەناوی پێغەمبەر محەمەد (د.خ).

عێراق 10 ترلیۆن دینار بۆ مووچە دابین دەکات
پێت عێراق 10 ترلیۆن دینار بۆ مووچە دابین دەکات
تەرمی هاووڵاتییە خنکاوەکەی زێی گەورە دۆزرایەوە
دوات تەرمی هاووڵاتییە خنکاوەکەی زێی گەورە دۆزرایەوە
پەیوەندیدار