ئەفغانستان؛ ژنان نابێت دەنگ بەرز بکەنەوە و پیاوانیش ڕیش بتاشن



بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان هەفتەی ڕابردوو چەند یاسایەکی نوێی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی “فەرمان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە یە” یاسا نوێیەکان، کە لەلایەن هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی باڵای تاڵیبانەوە پەسەندکراون، قەدەغەی دەکات، ژنان بە دەنگی بەرز لە شوێنە گشتییەکاندا قسە بکەن، هەروەها قەدەغەیە ڕووخساری خۆیان لە دەرەوەی ماڵەکانیان ئاشکرا بکەن و دەبێت سەر تاپا، داپۆشراو بن.

 

هاوکات ڕێگە بە ئەندامانی پۆلیسی تاڵیبان دەدرێت بۆ دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی هاووڵاتیانی ئەفغانستان، هەر لەو جلوبەرگانەی لەبەری دەکەن، تا دەرکەوتنیان لە شوێنە گشتیەکان و تەنانەت دەستوەردان لە خواردن و خواردنەوەکانیشیان، لەپێناو بەرەوپێشبردنی کاری چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری.

 

یەکێک لە یاساکان، دەنگی ژن بە “عەورەت” ناو دەبات و لە شوێنە گشتیەکاندا نابێت دەنگ بەرز بکەنەوە، هەروەها “کاتێک ژنێکی پێگەیشتوو بۆ دەستەبەری پێداویستی ماڵ دەچێتە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، دەبێت تەواوی ڕوخسار و جەستەی داپۆشراو بێت”.

 

بە وتەی تاڵیبان، ئەم یاسایانە، لەسەر بنەمای لێکدانەوەیان بۆ جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامییە و یاساگەلێکن کە پێشتر لەسەر بنەمای فەرمانێک بووە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن سەرۆکی باڵای تاڵیبانەوە دەرچووە، بەڵام ئێستا بە فەرمی بڵاوکراونەتەوە و جێبەجێ دەکرێن.

 

یاساکە بە وردی باس لەوە دەکات کە ژنان دەبێت هەموو جەستەی خۆیان داپۆشن، بە ڕووخساریشەوە، “تا لە فیتنە و وەسوەسەی پیاوان دوور بکەونەوە.”

 

لە بڕگەکانی یاسا نوێیەکاندا هاتووە:

ژنان دەبێت ڕووخسار و هەموو جەستەیان داپۆشن.

دەنگی ژن نابێت لە شوێنە گشتییەکان بیسترێت.

ئەندامە تایبەتەکانی هەر بەشێکی جەستە، جا بۆ پیاوان بێت یان ئافرەتان، نابێت بەر یەکتر بکەون.

نەوتنی گۆرانی یان خوێندنەوە یاخود قسەکردن بە دەنگی بەرز لە لایەن ژنان، تەنانەت لە ناو ماڵەکانیشیانەوە.

جلوبەرگی ئافرەتان نابێت تەنک و کورت و تەسک بێت.

ژنان دەبێت جەستەو ڕووخساریان لەبەردەم ئەو پیاوانەدا داپۆشن کە نامەحرەمن پێیان.

بۆ پیاوانیش سەیرکردنی جەستە و ڕووخساری ژنان قەدەغەیە و بەپێچەوانەوە.

 

یاسا نوێیەکان هەندێک سنووردارکردنیان بەسەر پیاوانیشدا سەپاندووە، لەوانە پێویستی داپۆشینی جەستە لە ناوکەوە تا ئەژنۆکان لەکاتی دەرچوون لە ماڵەوە، چونکە ئەو شوێنانەی جەستە بە “عەورەت” دادەنرێن.

 

پیاوان بۆیان نییە قژیان بە شێوەیەک بتاشن کە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا ناکۆکە، هەروەها ڕێگری لە سەرتاشەکانیش کراوە کە ڕیش بتاشن.

 

 

“موحتەسیب” یاخود پۆلیسی چاودێری ئەو کەسانەن کە بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە ئەوان لە هەموو پارێزگاکاندا بڵاوبوونەتەوە و سەرپەرشتی چاودێری جێبەجێکردنی یاساکان دەکەن و سزا بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنن.

 

دوابەدوای دەرکردنی یاسا نوێیەکان، دەسەڵاتی موحتەسیب لە پێشوو بەهێزتر بووە، بەتایبەتی کە پشتیوانی تەواوی سەرکردەکانی تاڵیبانیان هەیە.

 

موحتەسیب دەتوانن ژنان بێدەنگ بکەن و ڕێگری بکەن لە دەنگی بەرزی ئاواز و گۆرانی و مۆسیقا کە لە ماڵەکانیانەوە دێت.

 

بۆ بەرەوپێشبردنی چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری، پۆلیس دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت ڕێگری لەو ژنانە بکەن کە مەحرەمیان لەگەڵدا نییەو سوار تاکسی و ماتۆڕسکیلەکان دەبن.

 

هەروەها یاساکە داوا دەکات کە ڕێگە نەدرێت “ژن و پیاو” لە ناو ئۆتۆمبێلدا شان بە شانی یەکتر دابنیشن.

یاسا نوێیەکان، وێنەکیشان و هەڵواسینی وێنەی ئاژەڵ و باڵندە و مرۆڤەکان و فرۆشتنی پەیکەر و دانانیان لەماڵ و شوێنی کاریش قەدەغە کردووە.

 

هاوکات، پۆلیس بۆ بەرەوپێشبردنی چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە، دەسەڵاتی دراوەتێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ژەنینی مۆسیقا و تۆمارکردنی دیمەن و خۆ نواندن.

 

سزاکان چین؟

بەپێی یاسا نوێیەکان، هەرکەسێک “کردەوەیەکی قەدەغەکراو” لەبەردەم خەڵکدا ئەنجام بدات، زنجیرەیەک سزای بەسەردا دەسەپێنرێت، کە سەرەتا لە “ئامۆژگارییەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سزای دارایی و زیندانیکردنی بۆ سێ ڕۆژ لە زیندانێکی گشتیدا.

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرەوپێشبردنی چاکە و خۆپاراستن لە خراپەکاری بە بی بی سی نیوزی ڕاگەیاندووە، سەرقاڵی داڕشتنی ڕێنماییەکانن بۆ جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکان.

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرکاتێک ئەم ڕێنماییانە یەکلایی کرانەوە، وێنەکە بۆ جێبەجێکردنی یاسا ڕوونتر دەبێتەوە.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵی ڕابردوو پۆلیس بۆ بەرەوپێشبردنی چاکەو ڕێگریکردن لە خراپەکاری بەشێوەیەکی کاتی زیاتر لە ١٣ هەزار کەسی بەتۆمەتی جێبەجێنەکردنی شەریعەت دەستگیرکردووە.

 

ئەو تۆمەتبارەی ئاژەڵی دەدزی دەستگیر کرا
پێت ئەو تۆمەتبارەی ئاژەڵی دەدزی دەستگیر کرا
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کەرکووک خرایەخوارەوە
دوات فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کەرکووک خرایەخوارەوە
پەیوەندیدار