ئەمڕۆ شاندێكی دارایی هەرێم گەیشتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كۆبووونەتەوە، بەڵام لەسەر خەرج كردنی پارەی دیكە بۆ مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێم نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.
میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی ناو كۆبوونەوەكە ئاشكرای كردووە، كۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بەغدا بێ ئەنجام بووە و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق كۆببنەوە.
بە وتەی سەرچاوەكە، “لەبارەی چارەنووسی موچەی مانگی 7و بوونی ناوی دووبارە لە لیستی مووچەخۆران گفتوگۆكراوە، هەردوولا بۆچونی خۆیان خستوەتەڕوو، بەڵام رێككەوتن نەكراوە”.
سەرچاوەكە وتوویەتی، “لەبارەی خەرجی مووچەی فەرمانبەرانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە لیستی مووچەی هەرێمی كوردستان، كە مانگانە بڕەكەی نزیكەی (30 ملیار) دینارە، وەزارەتی دارایی عێراق دژی خەرجكردنی ئەم پارەیە لەسەر مووچەی هەرێم و داوای كردووە خەرجییەكە بخرێتەسەر حكومەتی فیدڕاڵ، چونكە ئەو ناوچانە دەكەونە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئیداریی حكومەتی فیدڕاڵەوە”.
دەشڵێت: “بەغدا بە شاندی هەرێمی کوردستانی وتووە هیچ پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مانگی 7 خەرج ناکەن و تەنها ئەو بڕی 36 ملیارەی نێردراوە بۆ مووچەی مانگی 7 لە ئەستۆی بەغدایە”.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 36 ملیار و 105 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی تەممووز (7)ی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج کردووە و بە وتەی پەرلەمانتاران، بەغدا وتوویەتی، دەبێت بڕەكەی دیكەی حكومەتی هەرێم بیخاتەسەری بۆ مووچە، چونكە پێشتر و لەسەرەتای ئەمساڵەوە پارەی زیاتر بۆ مووچە بۆ هەرێم نێردراوە و ئێستا ئەو بڕە زیادەیەی لێ دەگەڕێنرێتەوە.