ئەندام پەرلەمانێکی عێراق زانیاری لەسەر بڕ و چۆنێتی بڕینی زیادەی مووچە و بڕی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاشکرا دەکات.
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، مانگانە ١٠٠ ملیار دینار لە کۆی موچە کەمکراوەتەوە، و هێشتا بۆ موچەی مانگی حەوت بڕیاری سەرف کردنی موچەی سەربازی نەدراوە.
ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاماژەی بەوەداوە، موچەی مانگی حەوت نزیک بە ٦٠٠ ملیار دیناری لێ بڕدراوە، ئەو ٥٤٩ ملیار دینارەی نێردراوە لەسەر لیستی مووچەی مانگی ٧ نێردراوە بۆ مووچەی مەدەنی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ مانگی هەشت دوای لێبڕینی زیادەو جیاوازی لیستەکان و دوو مووچە.
ڕوونیشیکردۆتەوە، هێشتا بڕیاری سەرف کردنی موچەی سەربازی مانگی ٧ و ٨ نەدراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئەندام پەرلەمانە، بۆ مانگی ٦ مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینان و کەم ئەندامان ٦٥٣ ملیار دینار هاتووە، بۆ مانگی ٨ بڕی ٥٤٩ ملیار دینار هاتووە، واتە بۆ هەر مانگێک نزیک بە ١٠٠ ملیار دینار لەمووچە کەمکراوەتەوە!
هاوکات سۆران عومەر شێوازی چارەسەرکردنی گرفتی مووچە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، بابەتی تەوطین و نەوت و داهاتی نانەوتی گرفتێکی دیکەیەو بێ چارەسەر ماوەتەوە، تەوطین چارەسەرە بۆ کێشەی لیستەکانی مووچە کەحکومەتی هەرێم ئامادە نیە ئەنجامی بدات، داهاتی نەوت و ناوخۆ ڕادەست ناکات تاکو بودجەی بەکارخستن و بودجەی وەبەرهێنانمان بۆ بێت.
ئەمڕۆ 28 ڕۆژ بەسەر مانگی هەشت دا تێدەپەڕێت و هێشتا مووچەی مانگی حەوت لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت تێبینییەکانمان چارەسەر نەکراوە و ئەو لیستانەی دەینێرن گرفتی تێدایە و ئامادەنین بەو لیستانە مووچە بنێرن.