ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی كرد و بڕیارە پارەی مووچەی 7 و 8ی هێزە ئەمنییەكان بنێرێت و ئەوەش ناڕەزایی فەرمانبەرانی لێكەوتەوە و پەرلەمانتارێك دەڵێت: مووچەی 7 خراوەتە بری ئەو پارە زیادەیەی لە مانگەكانی پێشوو دراوە بە هەرێم.
کێشەکی نوێ لە نێوان هەرێم و بەغدا سەریهەڵداوە و حکومەتی عێراق تەنیا بڕی ٣٥ ملیار و ٤٢٦ ملیۆن دینار بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران دەنێرێت و بڕی ٥٥٠ ملیار دیناریش وەک مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی بۆ مانگی ئاب بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم دەنێرێت.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، مووچەی مانگی 7 خراوەتە بری ئەو پارە زیادانەی، كە لە مووچەی مانگەكانی پێشوو بۆ هەرێم نێردراوە.
وتیشی، “ئەو پارەیەی ئەمڕۆ نێردرا بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی كوردستانە”.
کێشەکە بەهۆی وردبینی لە پشکی هەرێم لە میزانییەی ”مراجعە” حکومەتی عێراق سەری هەڵداوەو عێراق تەنیا بڕی ٣٥ ملیار و ٤٢٦ ملیۆن دینار بە شایستەی هەرێم دەزانێت بۆ دابینکردنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم.
سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە نزیکەی ٦٠ ڕۆژە فەرمانبەرانی هەرێم هیچ مووچەیەکییان وەرنەگرتووە و نزیک دەبینەوە لە مانگی ٩، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگی ٧ و 8یان وەرنەگرتووە.