ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی مووچری فەرمانبەران پێکدەهێنێت و دەڵێت”هەرکەس و لایەنێک لە عێراق و هەرێم کەمتەرخەم بوبێت ڕووبەڕووی یاسای دەکەینەوە”.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی ئاب سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ لیژنەی بەدواداچوونی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان کۆبۆوە، و ئاماژەی كرد كە پێویستە هەنگاوی نوێ بۆ چارەسەری مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان بگرینەبەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک یەکگرتوو لە هەوڵەكانمان بۆ چارەسەری ڕیشەیی بەردەوام بین و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیار درا لیژنەكە هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ بەدواداچوونی جدی بۆ چارەسەری كێشەی مووچە خۆران و هەر كەس و لایەنێك لە عێراق یان لە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بوبێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ڕووبەڕووی یاسا بكرێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش شاندێك دەست بەكار دەبێت.
لەكۆتایی کۆبوونەوەکەدا، باس لە مەترسیەكانی دواخستنی مووچە كراو جەختیش كرایەوە كە زەرەرمەندی یەكەم مووچەخۆرانە بەتایبەتی و ئەوەی شایەنی سزادان بێت بەرپرسانی كەمتەرخەمە نەك هاووڵاتیان.
جەختیشیکردەوە، پێویستە هەولێر و بەغدا لەوە زیاتر سزایی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەدەن و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بكەن.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ زیاتر لە 50 ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێدەپەڕێت، هاوکات هەر ئەمڕۆ سودانی ڕەزامەندی دەربڕی بە خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی تەمووز و ئاب بۆ هێزە ئەمنییەکان.