وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، پێویستە پێش 10ـی ئۆکتۆبەر، ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی زەوی تەواو بکرێن.
ئەمڕۆ دوو شەممە، 26-08-2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆك شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە خێراتركردنی ئامادەكاریی دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی شارەوانی، “هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئیشوكارەكانی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرا و تێیدا لەلایەن سەرجەم شارەوانییەكانەوە داتا و زانیاریی ورد و گرفتەكانیان سەبارەت بەو پرۆسەیە خستەڕوو، كە ژمارەیەك لە شارەوانییەكان بەشی زۆری كارەكانیان تەواو كردووە لە دابینكردنی زەوی و دانانی نەخشەی كەرتی و ژمارەی فەرمانبەران و لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەكەش بەردەوامن”.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، باسی لە گرنگیی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرد و جەختی لەسەر خێراتركردنی ئامادەكاریی شارەوانییەكان كردەوە و ڕایسپاردن ئەوانەی تاوەكوو ئێستا ئامادەكاریی تەواویان نەكردووە یان گرفتیان هەیە، بەزووترین كات گرفتەكانیان چارەسەر بكرێت و وتیشی، “پێویستە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بەزووترین کات تەواو بكەن و نەخشەی كەرتی بۆ زەوییەكان دابنێن، بۆ ئەوەی فەرمانبەران لەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند ببن بە وەرگرتنی زەوی”.
بەگوێرەی ئەو زانیاری و داتایانەی لە كۆبوونەوەكەدا لەلایەن شارەوانییەكانەوە خرایەڕوو، بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە لە ئاستێكی زۆر باشدایە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاماژەی بەوە كرد، لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكرێت و پێویستە تا ئەو وادەیە سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو كرابن و بەرەوپێشچوونی زۆرتر ڕوو بدات.