دواكات بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دیاریكرا



وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، پێویستە پێش 10ـی ئۆکتۆبەر، ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی زەوی تەواو بکرێن.

ئەمڕۆ دوو شەممە، 26-08-2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆك شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە خێراتركردنی ئامادەكاریی دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی شارەوانی، “هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئیشوكارەكانی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرا و تێیدا لەلایەن سەرجەم شارەوانییەكانەوە داتا و زانیاریی ورد و گرفتەكانیان سەبارەت بەو پرۆسەیە خستەڕوو، كە ژمارەیەك لە شارەوانییەكان بەشی زۆری كارەكانیان تەواو كردووە لە دابینكردنی زەوی و دانانی نەخشەی كەرتی و ژمارەی فەرمانبەران و لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەكەش بەردەوامن”.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، باسی لە گرنگیی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرد و جەختی لەسەر خێراتركردنی ئامادەكاریی شارەوانییەكان كردەوە و ڕایسپاردن ئەوانەی تاوەكوو ئێستا ئامادەكاریی تەواویان نەكردووە یان گرفتیان هەیە، بەزووترین كات گرفتەكانیان چارەسەر بكرێت و وتیشی، “پێویستە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بەزووترین کات تەواو بكەن و نەخشەی كەرتی بۆ زەوییەكان دابنێن، بۆ ئەوەی فەرمانبەران لەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند ببن بە وەرگرتنی زەوی”.

بەگوێرەی ئەو زانیاری و داتایانەی لە كۆبوونەوەكەدا لەلایەن شارەوانییەكانەوە خرایەڕوو، بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە لە ئاستێكی زۆر باشدایە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاماژەی بەوە كرد، لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكرێت و پێویستە تا ئەو وادەیە سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو كرابن و بەرەوپێشچوونی زۆرتر ڕوو بدات.

 

شارەوانی سلێمانی ڕێگەپێدان بۆ 28 شوێن دەردەکات
پێشت شارەوانی سلێمانی ڕێگەپێدان بۆ 28 شوێن دەردەکات
یەكگرتوو لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی مووچەی فەرمانبەران پێكدەهێنێت
دواتر یەكگرتوو لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی مووچەی فەرمانبەران پێكدەهێنێت
پەیوەندیدار