ڕاوێژكاری ئابووری سه‌رۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كۆتایی ئه‌م مانگه له ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ ده‌كرێت و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عیراقیش به‌شدار ده‌بێت و دەشڵێت: چاوه‌ڕێی دابه‌زینی بەهای دۆلار ده‌كرێت.
مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح، ڕاوێژكاری ئابووری سه‌رۆك سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگه‌یاندووە، “كۆتایی ئه‌م مانگه له ئه‌مریكا وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌كات و عه‌لی عه‌لاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراقیش به‌شداری ده‌كات، كە كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت ده‌بێت به پرسی دۆلار به‌رانبه‌ر به دینار و پاڵپشتی خه‌زێنه‌ی ئەو ولاتە بۆ بانكی ناوه‌ندیی و پاره‌داركردنی عێراق”.
ڕاشیگەیاندووە، “ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش تایبه‌ت ده‌بێت به سزادانی ئه‌و بانكانه‌ی له ڕابردوودا له لایه‌ن ئه‌مریكا و بانكی ناوه‌ندیی به هۆكاری سپیكردنه‌وه و قاچاخی دۆلار سزادران”.
وتیشی، “پێشبینی ده‌كه‌ین سزای ئه‌و كۆمپانیایانه لاببرێن و بچنه‌وه ناو سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنی كڕینی دۆلار، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌گشتی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر نرخی دۆلار و چاوه‌ڕێی دابه‌زینی دۆلار ده‌كرێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی ڕایگەیاندووە، پێشنیازكراوە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بكرێت و بانكی ناوەندیی عێراق هاوشێوەی پێشتر 100 دۆلار بە 118 هەزار دینار بخاتە بازاڕەوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەلایەن حكومەت و بانكی ناوەندیی عێراقەوە نەدراوە.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی بۆ میدیاكان ڕایگەیاندووە، ئەو كاتەی بڕیاردرا بەهای 100 دۆلار لە 118 هەزار دینارەوە بەرزبكرێتەوە یەدەگی نەختینەی عێراق 86 ملیار دۆلار بووە و ئێستا گەیشتووە 120 ملیار دۆلار و پێشتر عێراق 120 ملیار دۆلار قەرزداربوو ئێستا 60 ملیار دۆلار قەرزدارە و یەدەگی زێری عێراقیش زیادیكردووە.
ماوەی دوو ساڵە بە بڕیاری حكومەتی عێراقی و بانكی ناوەندی، بەهای فەرمی 100 دۆلار لە 118 هەزار دینارەوە بەرزكراوەتەوە بۆ 145 هەزار دینار، بەڵام ساڵی ڕابردوو گۆڕانكاری تیاداكرا و كرا بە 132 هەزار، بەڵام هێشتا بەهاكەی لە بازاڕدا نزیكەی 150 هەزار دینارە و نزیك نەبۆتنەوە لە نرخی فەرمی.