وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە ئەم مانگە هیچ ناوێک بۆ لیستی مووجە زیادکرابێت و دەڵێت:” لیستی مووچەی مانگی تەمموز (٧) کە تا ئێستا تەمویلەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە (٥٧٧) مووچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:” لە لایەن چەند پەیج و کاندید و بەناو چالاکوانێکەوە، دەستکراوە بە بڵاوکردنەوەی چەند داتا و زانیارییەکی ناڕاست و چەواشەکارانە، گوایە بە فشاری بەغداد ئەم مانگە ناوی ٣٠ هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچەی مانگی تەمووز لابراون، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی ئەو مانگە بە نایاسایی بۆ لیستی مووچە زیادکراون.
وەزارەتی دارایی و ئابوری دەشڵێت:” بۆ ڕای گشتی و سەرجەم و ڕاگەیاندن و میدیای کوردستان ڕوون دەکەینەوە کە زیادکردنی ناوی ٣٠ هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە ڕاستییەوە، لە ڕاستیدا لیستی مووچەی مانگی تەمووز بەم جۆرەیە:
١-کۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لیستی مانگی تەمووز بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشین) بریتییە لە (١،١٣٢،٣٩٠) یەک ملیۆن و سەد و سی و دووهەزار و سێسەد و نەوەد کەس، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی مووچەخۆران لە مانگی حوزەیراندا بریتی بووە لە: (١،١٣٢،٩٦٧) یەک ملیۆن و سەد و سی و دووهەزار و نۆسەد و شەست و حەوت کەس، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای وردبینی تەمویلی بۆ خەرج کردوون، ئەمەش دەریدەخات کە لیستی مووچەی مانگی تەمموز (٧) کە تا ئێستا تەمویلەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە (٥٧٧) مووچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران کە ئەوانیش فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بوون و لەو مانگەدا خانەنشین کراون، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان ناویان نەخراوەتە ناو لیستی مووچەی خانەنشینان.
٢-تەمویلی کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمموز (٧) دوای لێ بڕینی خانەنشینی و باج و لێ دەرکردنی بوودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کە بڕەکەی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجا و چوار ملیار و دووسەد و هەشت ملیۆن دینارە، بریتییە لە (٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠) نۆسەد و پەنجا و شەش ملیۆن دینار کە ئەوەش نزیک و هاوشێوەی تەمویلی مانگەکانی ڕابردووە، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دوای وردبینی تەمویلەکەی خەرج کردووە.
٣-لەکاتی دووبارە بوونەوەی ئەم درۆ و چەواشەکارییانە، لایەنی چەواشەکار دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات کە ڕووبەڕووی دادگایی کردن و یاسا ببێتەوە، ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر هەر کەس و لایەنێک کە هەواڵ و زانیاری ناڕاست بڵاوبکاتەوە.