وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە مانگی 9 بۆ دیاریكردنی ڕۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2024 – 2025 كۆدەبێتەوە و دەشڵێت: سەرۆك وەزیران مشورخۆر و خەمخۆری مامۆستایانی وانەبێژە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاندووە، هەموو کەرتی پەروەردەمان بە دیجیتاڵی کردووە، پرۆگرامەکانی خوێندنمان لەڕووی ناوەڕۆک و دیزاین دەستکاریی کرد و گۆڕی، بێ ئەوەی یەک دیناری بۆ خەرج بکەین و بەهەدەری بدەین.
وتیشی: ستراتیژیەتی ڕاهێنانی مامۆستایانمان دانا، زیاتر لە 150 قوتابخانەمان دروست کردووە و تا تەمەنی کابینەی نۆیەم تەواو دەبێت، دروستکردنی قوتابخانەکان دەگەیەنینە 200 قوتابخانە.
ئاماژەی بەوەشكرد، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیران مشورخۆر و خەمخۆری مامۆستایانی وانەبێژە، زۆر بەوردی لەسەر خەم و پرسی مامۆستا زۆر دیدێکی ڕۆشنی هەیە و وتیشی، “5088 مامۆستای گرێبەستمان کردووەتە هەمیشەیی، ئەوەی پێمان بکرێ بۆ مامۆستایانی وانەبێژان دەیکەین”.
جەختیشی كردەوە، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە مانگی 9 بۆ دیاریكردنی ڕۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2024 – 2025 كۆدەبێتەوە.