پاش زیاتر لە مانگێک ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لەبارەى دەرئەنجامى کارەکانى لیژنەى وردبینى هاوبەشى هەردوو دیوانى چاودێریى دارایى فیدڕاڵ و هەرێمى کوردستان بۆ سێ مانگى یەکەمى ساڵى 2024 کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە لەبارەی دەرئەنجامى کارەکانى لیژنەى وردبینیى هاوبەشى هەردوو دیوانى چاودێریى دارایى فیدراڵ و هەرێم لەبارەى داهات و خەرجیى و تۆمارى بایۆمەتریى و ژمارەى وەزیفىی یەکگرتوو دەخرێتەروو.
لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، کارەکانى لیژنەى هاوبەشى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى تایبەت بە یەکخستنى ڕێکارە داراییەکان دەخرێتەڕوو.
هاوکات هەماهەنگیى نێوان کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەر رۆشنایى دوا کۆبوونەوەى هاوبەش و راسپاردەکانى کۆبوونەوەکە بۆ ئەرک و ڕۆڵى وەزارەتەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
بڕیارە لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتێک لەبارەى پرۆسەى کڕینەوە و وەرگرتنى گەنم لە جوتیاران و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنى بەرهەمى گەنمى جوتیاران لەلایەن وەزیری بازرگانی و پیشەسازییەوە پێشکەشدەکرێت.