شارەزایەکی کەشناسی عێراقی پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەتینی گەرما دەكات، كە لە پێنج شەممەی داهاتووەوە دەستپێدەكات و چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، دەڵێت: پێویستە دامودەزگاکان لەو ماوەیەدا دەوامی فەرمی ِرابگرن.
عەلی جابر، شارەزای کەشناسی لە عێراق ڕایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان، بەهێزترین شەپۆلی گەرمای ئەم وەرزە ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە و دوو سبەی پێنج شەممە دەستپێکی شەپۆلەکە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەپۆلەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و لە بەشێک لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاست، پلەی گەرما دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی.
وتیشی، “داوا لە دامودەزگاکانی حکومەت دەكەم دەوامی فەرمی رابگرن، چونکە پلەکانی گەرما بۆ ٥٠ پلە بەرز دەبنەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی حاڵەتەکانی سەرگێژخواردن و بورانەوەی هاووڵاتیان لەکاتی کارکردن دەبێت”.