بەكر حەمەسدیق: مووچە بدەن پێش ئەوەی جووڵەیەكی دیكەی یاسایی بكەین



پارێزەری دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات، ” لەکاتی خۆیدا مووچە بەخەڵک بدەن، باناچار نەبین بڕۆینەوە بەردەم دامەزراوەی دادوەریی عێراق و ئەوەی ماوە تەواویی بکەین”.

بەكر حەمەسدیق، پارێزەری دۆسیەی فەرمانبەران لە پەیامێكدا بۆ حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، تکاتان لێدەکەین بەخێرایی کۆتایی بە پرۆسەی دواخستنی موچەخۆران بهێنن و بەزەییتان بەو خەڵکە هەژارەدا بێتەوە کەجگە لەمووچە هیچ سەرچاوەیەکی بژێویی تریان نیە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەبێ پشتیوانیی خەڵکی خۆتان بن، وەگەرنا دورنیە جارێکی دیکە بانگی بەردەم دادگا بکرێنەوە و ئەمجارەشیان خەڵک داوای ترتان لەسەر تۆماربکات ،یان هەر جۆرە ڕێ و شوێنێکی یاسایی تر لەدژتان بگیرێتەبەر، چونکە ئەو کاری دواخستنە بەتەواویی هەموو خەڵکی ماندوو کردوە.

دەقی پەیامەكە:

بەڕێزان…
سەرۆکی حکومەتی هەرێم
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم
سڵاو…بەدەر لە هەرجۆرە موزایەدەیەکی سیاسیی و پەیوەست بە هەڵمەتی هەڵبژاردن ،داوا لە بەڕێزتان دەکەم بەئەوپەڕی هەستی نیشتمانیەوە مەسەلەی دواخستنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی کۆمەڵایەتی چارەسەربکەن پێش ئەوەی جوڵەیەکی تری یاسایی بکەین و جەنابتان وەک جاری پێشوو خۆتان سەغڵەت بکەن و لەڕێی هەندێ میدیای سێبەریشتانەوە سوکایەتیمان پێ بکەن، تکاتان لێدەکەین بەخێرایی کۆتایی بە پرۆسەی دواخستنی موچەخۆران بهێنن و بەزەییتان بەو خەڵکە هەژارەدا بێتەوە کەجگە لەمووچە هیچ سەرچاوەیەکی بژێویی تریان نیە، دەزانم کەبەقەستی و بێ باکانە ئەوکارە دەکەن، دەشتانەوێ لەڕێگەی هەژماری منەوە ئیرادەی خۆتان بەسەر قوتی خەڵکدا بسەپێنن، دڵنیابن ئەوەشتان بۆ ناچێتەسەر، دەبێ پشتیوانیی خەڵکی خۆتان بن، وەگەرنا دورنیە جارێکی دیکە بانگی بەردەم دادگا بکرێنەوە و ئەمجارەشیان خەڵک داوای ترتان لەسەر تۆماربکات ،یان هەر جۆرە ڕێ و شوێنێکی یاسایی تر لەدژتان بگیرێتەبەر، چونکە ئەو کاری دواخستنە بەتەواویی هەموو خەڵکی ماندوو کردوە.

خۆشتان دەزانن ئێمە بەرپرسانە مامەڵە دەکەین و حەزیش ناکەین بەدوای لەکەو عەیبدارکردنی ئێوەدا بڕۆین، موزایەدەش ناکەین و بردنەوەی کەیسی فەرمانبەرانمان تەوزیف نەکردوە بۆ سنگ دەرپەڕاندن و خۆ کاندید کردن، بەڵام کەهاتینە سەر ماف و شایستەکانی خەڵک بێدەنگ نابین، خۆشتان هەڵوێستی پێشوتری ئێمەتان دیوە.

تکایە ئەو جوامێریە بکەن و بیدەنە پاڵ خۆتان، کێشەمان نیە، گرێی دەرونیمان لەگەڵ هیچ کەس و هیچ پرۆسەیەکدا نیە، تەنها لەکاتی خۆیدا موچە بەخەڵک بدەن، باناچار نەبین بڕۆینەوە بەردەم دامەزراوەی دادوەریی عێراق و ئەوەی ماوە تەواویی بکەین.

 

گەرمایەكی بەتین دەستپێدەكات و داوای ڕاگرتنی دەوام دەكرێت
پێت گەرمایەكی بەتین دەستپێدەكات و داوای ڕاگرتنی دەوام دەكرێت
بەتەمەنترین ژن لە 117 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد
دوات بەتەمەنترین ژن لە 117 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد
پەیوەنیدر