ئەمڕۆ سێ شەممە 20ی ئاب، سوپای توركیا 8 جار ناوچەكانی سنووری باڵەكایەتی و قەزای ماوەت-ی لە شارباژێڕ بۆردومان كردووە.
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی بنیادنەرانی ئاشتی کۆمەڵگە ( CPT) ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر (٥:٣٠) خوولەک، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چوار جار بۆردومانی (باسکی بێرییان و گوندی گوندەژۆری)یان کرد لە دەڤەری باڵەکایەتی لە قەزای چۆمان.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەر ئەمڕۆ کاتژمێر (٦:٤٨) خوولەکی سەرلەبەیانی، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، چوار جار بۆردوومانی (شاخی برزووت و کڵاوە)یان لە گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت کرد.
جەختیشی كردۆتەوە، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی، بەڵام بەشێک لە پوش و پاوان و دارستانی ئەو شاخانە سووتاون.