مووچەی فەرمانبەران زیاتر دوادەكەوێت



پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ئاشكرای دەكات، كە تا ئێستا یەك دیناری مووچە لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی هەرێم نەكراوە و دەشڵێت: هۆكاری دواكەوتنی مووچە، نەبوونی “تەوتین و شەفافیەت”ە.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا ئەمڕۆ (20ی ئاب) دینارێك لە بەغداوە تەمویل نەكراوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم.

وتیشی، “بەهۆی ناڕوونی وەزارەتی دارایی هەرێم لەمەڕ بنبڕكردنی كێشەكانی پەیوەست بە شایستە دارایەكان بەتایبەت دوو خاڵی داواكراوی نەگۆڕی بەغدا سەبارەت بە (تەوتین و شەفافیەت) لە لیستەی میلاكاتی هەرێم، تا ئێستاش هیچ بڕەپارەیەك وەك تەمویل نەكراوە بۆ هەرێم”.

ئاشكراشی كردووە، بایۆمەتریش خاڵێكی جدی بەغدا دەبێت لەسەر هەرێم تا ئەوان بتوانن خێرا و ڕوونتر لە داتاكانی فەرمانبەران و خانەنشینان تێبگەن و كاری پێویستی لەسەر بكەن.

جەختیشی كردۆتەوە، “بەغدا پەیوایە، ناكرێت هەموو مانگێك لیستی نێردراوی هەرێم ناڕوونی و زیادكردن و ئاڵۆگۆڕی تێبكەوێت و میكانزمی وردبینیكردن لەبۆیان قورس و وەدرەنگ بخات”.

لای خۆشیەوە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی تەمموز دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە حکومەتی هەرێم هەموو مانگێک لە لیستی مووچە دەیکات، چونكە گۆڕانکارییەکان وردبینی لیستی مووچەی قورس کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تێبینیانەی مانگەکانی پێشوو وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر لیستی مووچە هەیانبووە چاک نەکراوە.

ئاشکرای کرد، کە تا ئێستا یەک دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت ئامادەکارییان بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانی ڕەوانەکردنی مووچە کردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ‌ ئەوە ڕاگەیەنرا، كە گوژمەی یەكەمی پارەی مووچە گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ گەیشتنی پارەی دیكە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 7 دەكرێت، بەڵام دەركەوت ئەو دەنگۆیانە ڕاست نەبوون.

ماوەی 20 ڕۆژ لە مانگی 8 تێپەڕیوە هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 7ی مووچەخۆرانی هەرێم دیاری نەكراوە لەكاتێكدا زیاتر لە 40 ڕۆژ لەمەوبەر مووچەی مانگی 6 دابەشكرا.

 

دادگای فیدڕاڵی دەربارەی دانانی پارێزگاری كەركوك بڕیاریدا
پێت دادگای فیدڕاڵی دەربارەی دانانی پارێزگاری كەركوك بڕیاریدا
دوو درۆنی توركیا لە ئاسمانی هەرێم خرانەخوارەوە
دوات دوو درۆنی توركیا لە ئاسمانی هەرێم خرانەخوارەوە
پەیوەنیدر