ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاتە دەنگ و دەڵێت” ئێمە ناچارین سکاڵا لەسەر سەرپێچیکار تۆمار بکەینەوە”.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو سەڵاحەدین بەهادین لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە، 20ی مانگە و پەنجا ڕۆژە موچە نەدراوە، ئەم تاوانە بەویژدانی کێ ڕەوایە؟ هۆکار هەرچی بێ و، پاساو هەرچی بێ؟ فەرمانبەری هەرێم و مناڵە بێنازەکانی باجەکەی ئەدەن، دەستی دەستیکردن بەقوتی هاووڵاتیان لە فەرهەنگی چ مرۆڤێکی ویژدان زیندوودا جێی ئەبێتەوە؟ دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری خۆی داوەو هەردوو حکومەتی مولزەم کردووە بە پێدانیی مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا، بە فەرمانبەرو و خانەنشین و هێزەئەمنیەکانەوە.
دەشڵێت، ئێمە وەکو هەست بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و، وەکو ئەوەی برایانمان شەرەفی ساغکردنەوەو دەرچواندنی ئەو بڕیارە مێژووییەمان بەرکەوت، جەخت ئەکەینەوە لە ڕاگرتنی ئەم یارییە ناشیرینە!! ئەبێ هەردوو حکومەت بەرپرسیارانە کارئاسانی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا، نەک خۆبدزنەوە و کۆسپی بۆ دروست بکەن، شەڕی سیاسی و هەڵبەزودابەزی بوارەکانی تر لەسەر حسابی قوتی هاوڵاتی ساغ بکەنەوە.
جەختیشیکردەوە، ئەم دۆخە وابڕوات ئێمە ناچارین سکاڵا لەسەر سەرپێچیکار تۆمار بکەینەوە.