وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق بڕیاریدا دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان بە ناوچە كوردستانیەكانیشەوە بۆ ماوەی هەفتەیەك دوابخات و جەختیشدەكاتەوە، لە پشووی ڕۆژانی شەممەدا قەرەبووی خوێندنی ئەو چەند ڕۆژە بكرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە گشتاندنێكدا بۆ زانكۆ و پەیمانگا حكومی و ئەهلییەكان ڕایگەیاندووە، دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی (2024- 2025) لە زانكۆ و پەیمانگا حكومی و ئەهلییەكان لە 10- 9- 2024ەوە بۆ 16- 9- 2024 دوادەخرێت.
ڕاشیگەیاندووە، هۆكاری دواخستنی پڕۆسەی خوێندن بەهۆی ئەوەوەیە، تاوەكو دەوامی زانكۆ و پەیمانگاكان تێكەڵ نەبێت لەگەڵ تاقیكردنەوەی خوولی دووەمی پۆلی 6ی ئامادەیی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، كە لەناو هۆڵی زانكۆ و پەیمانگاكان ئەنجام دەدرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، قەرەبووی ئەو چەند ڕۆژەی خوێندن لە ڕۆژانی شەممەدا بكرێتەوە لەلایەن زانكۆ و پەیمانگاكانەوە.