ئۆڤادان دێبی، ئەو زیندانەی تیایدا دەبیتە خۆڵەمێش



زیندانی ئۆڤادان دێبی بە دووری ٧٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ئەشقاباتی پایتەختی تورکمانستان لە بیابانی قەرەکوم لە ناوچەیەکی نزم کە بە گرد دەورە دراوە و نزیکەی ٦ کیلۆمەتر لە نزیکترین ڕێگای گشتییەوە دوورە، هەڵکەوەتووە.

 

ئەم زیندانە، کە بە نهێنیترین زیندانی وڵات دادەنرێت لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2008 لە سەردەمی سەفەر موراد نیازۆڤ سەرۆکی کۆچکردوو دروستکرا بۆ گۆشەگیرکردنی نەیارانی سیاسی و بەرپرسانی باڵا کە لە دۆسیەکانی گەندەڵی تێوە دەگلان.

زیندانەکە، کەسانی تۆمەتبار بە “پیلانگێڕی” و شوێنکەوتوانی “توندڕەوی” تێیدا نیشتەجێن، بۆ ئاسانکاری زاڵبوون بەسەریدا لە نزیک پایتەخت دروستکراوە.

 

هەندێک لە گێڕانەوەکان باس لەوە دەکەن کە دەسەڵاتدارانی تورکمانستان ماوەیەکی کەم بەر لە هەوڵی تیرۆرکردنی نیازۆڤ بڕیاری دروستکردنی ئەم زیندانەیان داوە.

 

زانیارییەکی کەم لەبارەی ئەم زیندانەوە هەبوو، بەتایبەتی کە چاودێرانی نێودەوڵەتی و شاندەکانی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور چەندین جار ڕێگرییان لێدەکرا سەردانی بکەن.

 

توانای لەخۆگرتنی زیندانی ئۆڤادان دێبی نزیکەی 150 زیندانییە، بەڵام ڕێکخراوە تورکمانەکان(کە بارەگاکانیان لە دەرەوەی وڵاتە) و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی دەکەنەوە کە ژمارەیەکی زۆر لەوە زیاتر زیندانی لەخۆدەگرێت، کە باسکراوە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن زیندانیانی پێشووی نێو ئەم زیندانییە ئاشکرابوون، جیا لە بەرزی رێژەی خۆکوشتن و تێکچوونی دۆخی دەرونی و توشبوون بە نەخۆشی کوشندە، بارودۆخی سەختی کەشوهەوا، ئەشکەنجەدان، نەبوونی چاودێری پزیشکی هۆکاری بەرزی ڕێژەی مردنە لە نێو زیندانییەکاندا.

 

بە وتەی ئەو زیندانیانەی پێشتر لەم جێیەدا بەند بوون، لێدان و تۆقاندنی بەردەوام، تێبەردانی سەگ سزا دیار و باوەکانن و  ئەو زیندانیانەش کە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە کۆت و بەنددا دەمێننەوە.

 

بەپێی ئەو وێنانەی لەڕێی مانگی دەستکرد، لەلایەن کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ پێشخستنی زانست لە ساڵانی جیاجیای (2002، 2009 و 2019) گیراون، ئەم زیندانە لە 6 بلۆکی کۆنکرێتی پتەو پێکهاتووە کە هەریەکەیان 26 خانەی تێدایە.

 

هەر بلۆکێک 16 خانە لەخۆدەگرێت کە قەبارەکەی 5 x 6  مەتر دەبێت، هەروەها 10 خانە بە قەبارەی 6.5 x 6 مەتر تیایدا بوونی هەیە و هەموویان بە سەقفێکی پۆڵاین ڕووپۆشکراون کە وا دەکات مەحاڵە وردەکارییەکانیان لە ناوەوە دیاری بکرێن.

 

لە ڕێگەی وێنە مانگی دەستکردەوە خەندەقێک بە درێژایی دەوری دەرەوەی زیندانەکە دەبینرێت، لەگەڵ خاڵی پشکنین و ڕێگایەکی تایبەت بۆ گەیشتن پێی و سیاجێکی دووانە لە ناوەوە کە بە تاوەری پاسەوانی دەورە دراوە.

دیارترین شت کە ئەم زیندانە لە زیندانەکانی دیکەی جیهان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە چەندین ژووری تاکەکەسی بێ پەنجەرە لەخۆدەگرێت کە پانییەکەی 150 سانتیمەتر و بەرزییەکەی 120 سانتیمەترە.

 

جێگای سەرسوڕمانە، بۆرون بێردیاڤ، وەزیری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی تورکمانستان، کە سەرپەرشتی دروستکردنی زیندانی ئۆڤادانی دەکرد، لە ساڵی 2017 لە یەکێک لەو ژوورانەدا گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی بە تۆمەتی “کەمتەرخەمیی گەورە لە کار و جێبەجێنەکردنی ئەرکە فەرمییەکانیدا” زیندانیکرا”.

 

پلەکانی گەرما لە بیابانی قەرەکوم، لەم زیندانییەدا، هاوین بۆ 50 پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە و لە زستانیشدا بۆ 20 پلەی ژێر سفر دادەبەزێت، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان کاتەکانی شەو و ڕۆژدا هەیە و ژوورەکان ساردکەرەوە و گەرمکەرەوەیان تیدا نییە.

 

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکمان – هێلسنکی، 26 کەس لە ژوورێکدا کات بەسەر دەبەن، کە تەنها 12 قەرەوێڵەیان هەیە ئەمەش مانای وایە زیندانییەکان چێژ لە خەوتن و پشوودانی پێویست نابینن، و ناچارن بە جێگۆڕکێ، بەجۆرێک هەندێکیان شەوانە بخەون و هەندێکی تریش ڕۆژ.

 

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە؛ زۆرینەی زیندانییەکان بەهۆی سەختی بارودۆخی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و نەخۆشی و ماندوێتی و نەبوونی چاودێری پزیشکی لێرەدا گیان لەدەست دەدەن.

 

کەسوکاری زیندانیانی ئۆڤادان دێبی، لە گیانلەدەستدانیان ئاگادار ناکرێنەوە و تەرمەکانیان ڕادەستی ئەوان ناکرێتەوە، بەڵکو بە نهێنی و لە شوێنێکی نادیاردا شاردنەوەی تەرمەکانیان ئەنجام دەدرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی “بیسەلمێنە کە زیندوون”، تەرمی زیندانییەکان ئامێری سووتێنەری زیندانەکەدا دکرێنە خۆڵەمێش و لە حەوشەی زیندانەکە ژێر خاک دەخرێن.

 

هەرچەندە زیندانەکە لە سەدەی بیست و یەکەم دروستکراوە، بەڵام لە ژوورەکاندا ئاودەست نییە.

 

زیندانییەکان لەم جێیەدا بەتەواوەتی لە جیهانی دەرەوە دابڕاون، بەو پێیەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت، خوێندنەوەی ڕۆژنامە، سەیرکردنی تەلەفزیۆن، یان گوێگرتن لە ڕادیۆ قەدەغەیە، هەروەها بە توندی قەدەغەکراوە قسە لەگەڵ زیندانی و پاسەوانەکان بکرێت.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە باسی لە حاڵەتەکانی تری ئەشکەنجەدان کرد، وەک لێدانی دەرزی لە ژێر نینۆک، خنکاندن، تەزووی کارەبا، توندوتیژی سێکسی، ناچارکردنی زیندانیان بۆ خواردنی ئەو دەرمانانەی کە کاریگەری لەسەر توانا دەروونییەکانیان هەیە و بێ بەشکردنیان لە خواردن و ئاو.

 

سەرچاوە: ئەلجەزیرە + ماڵپەڕەکان

 لوفتهانزا بەردەوامە لە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ئاسمانی ئێران و عێراق 
پێت  لوفتهانزا بەردەوامە لە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ئاسمانی ئێران و عێراق 
مامۆستایان سەرمەشقن…
دوات مامۆستایان سەرمەشقن…
پەیوەندیدار