وتەبێژى پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکانى ڕووداوى کوشتنى کۆڵبەرەکەى سەرگەتی ناوچەی هەورامان دەستگیرکراون و ڕادەستى یاسا کراون.
بەرزان عوسمان، وتەبێژى پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە ڕایگەیاند، لەلایەن هێزەکانى پاسەوانى سنوورەوە شەوى ڕابردوو تەقە لە کۆڵبەرێک کرا و بەهۆیەوە گیانى لەدەستدا، ئێستا تۆمەتبارانى ڕووداوەکە دەستگیرکراون و دەست بەلێکۆڵینەوە کراوە.
شەوی رابردوو، کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە ناوچەی هەورامان لە دیوی هەرێمی کوردستان کوژرا، لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوەشدا بەشێك لە خەڵكی ناوچەكە بارەگایەكی پاسەوانی سنووریان سوتاند.
کۆڵبەرەکە ناوی (ئارام خەلیلە) و تەمەنی 26 ساڵە شەوی ڕابردوو نزیکی کاژمێر هەشتی شەو، لەكاتی گواستنەوەی بارەكەیدا، لەلایەن پاسەوانی سنورەوە، تەقەی لێکراوە و بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، گیانی لەدەستداوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024، لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 270 کۆڵبەر بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان، بەفربارین و بەستەڵەک، کەوتنە خوارەوە لە شاخ گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.